بەشی
یەکەم لە ڕۆمانی
شاری مۆسیقارە سپییەکان
سەرەتای ئەم چیرۆكەمان لە فڕۆكەخانەی سخێپهۆڵەوە
لە نزیك ئەمستەردامەوە دەست پێدەكات، ساڵی
١٩٩٨ كە
بۆ دووەمجار دەمویست بگەڕێمەوە بۆ كوردستان.
ئەوكات لە ناو گەلێك كێشەو گرفتی گەورەی ژیاندا
نوقمبووبووم، ڕۆژگارێك دەژیام بەسەختی لە دڵەوە
پێكرابووم و باوەڕم بە شتێك نەمابوو، هەر لەو
هەفتەیەدا ژنەكەم بێهۆ تەڵاقنامەیەكی لە دادگاوە
بۆ ناردم و نێوان من و ئەو بۆ هەتاهەتایە
كۆتاییهات. بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە و
سەرپەرشتیكردنی منداڵەكانم، دەبایە لە ڕێگای
شامەوە بگەڕێمەوە بۆ وڵات. لە بەردەم نوسینگەكانی
هێڵی ئاسمانی سوریدا، سێ ڕیز خەڵك جانتاكانیان
باردەكرد، من لە ڕیزی دەستە ڕاستدا وەستابووم كە
دەنگێك هاواری لێكردم: مامۆستا … مامۆستا، بەڕێز،
بەڵێ لەگەڵ تۆمە، ئا بەڵێ جەنابت، بەڵێ، تۆ
كوردیت؟ مامۆستا گیان من دەتناسم، نا بە هەڵەدا
نەچووم … وانییە، تۆ مامۆستای نوسەر عەلی
شەرەفیاریت، وا نییە.. تۆ ئەو نیت؟
كوڕێكی گەنج بوو، سەرتاپای جلی سپی بوو، تی
شێرتێكی سپی «لەوانەی یاریزانەكانی گۆلف
لەبەریدەكەن» ، پانتۆڵێكی سپی، جووتێك پێڵاوی
بریقەداری سپیشی لە پێدابوو. ڕیزێك خەڵك لە
نێوانماندا بوو، ئەو لە بەردەم كچەكەدا بوو كە
جانتاكان دەكێشێت، پێدەچوو شتێكی زیادی هەبێت و
خانمی هێڵە هەواییەكە بوارینەدات دەرچێت، من هیچی
ئەوتۆم لەگەڵ خۆمدا نەهێنابوو، جانتایەكی چكۆلانە
نەبێت، جلی خەوتن و دەرمانی دان و كەلوپەلی
ڕیشتاشینەكەمی تێدابوو. من گووتم: بەڵێ من ئەوم،
عەلی شەرەفیارم فەرموو دەتوانم چیت بۆبكەم؟.
شتەكان كەمێك ئاڵۆزكاو و ناڕێك هاتنە بەرچاوم، من
كەیفم بەوە نەدەهات لەسەفەردا خەڵكی ناسیاوم
لەگەڵدابێت، لە منداڵییەوە حەزم لەسەفەرە بە
تەنیا، پاشان زۆربەی ئەوانەی لەسەفەردا تووشیان
دەهاتم هێندەی كێشەیان بۆ دروستدەكردم یارمەتیان
نەدەدام. كوڕێكی گەنج بوو، چوار خاڵی سووری
چكۆلانە، وەك ئەوەی پاشماوەی چوار دڵۆپ خوێنی زۆر
دێرین و كاڵەوەبووبێت لەسەر لاملی بوون، كوڕێكی
چاوشینی جوان بوو، نەمزانی ئاخۆ شتەكانی خۆی لە
شوێنی باركردنەكەوە ڕەوانەكرد یاخود نا، پێدەچوو
بینینی من كەمێك شپرزەیكردبێت، ئاگادار بووم لە
ڕیزەكە هاتەدەرێ و گووتی: مامۆستا تۆ دەگەڕێیتەوە
بۆ كوردستان؟ وا نییە تۆ دەگەڕێیتەوە بۆ ئەوێ؟. من
گووتم: بەڵێ عەزیزم، بەڵێ، من دەگەڕێمەوە بۆ
كوردستان.
زەرفێكی سپی دامێ و گووتی: ئەگەر دەتوانیت، ئەگەر
بە ئەرك نابێت، ئەم زەرفەم بۆ بەریتەوە بۆ ئەوێ،
چونكە من دەچم بۆ شارێكی تر، شارێكی زۆر دوورتر
لەوێ، هێند دوور كە كەس دەستی ناگاتێ، دەبێت یەكێك
هەبێت ئەم زەرفەم بۆ بگەێنێتەوە كوردستان و بیداتە
دەست كچێك بە ناوی ڕەوشەنی مستەفا سەقزییەوە.
ناونیشانەكەی لەسەرە، ژمارە تەلەفوونەكەشی لەسەرە.
بەوەدا كورد دەرمان و شامپۆ و پێڵاوو كرێمی دەموچاویان لە هەر شت زیاتر لە
ئەوروپاوە دەناردەوە بە بێزارییەوە گووتم: دەرمانی
فشاری خوێنە؟ زەیتی قژە؟ شامپۆی پانتینە یاخود
چی؟.
سەری باداو گووتی: نا مامۆستا، نا … ئەمە شتێكی
ترە، ئەمە مۆسیقایە، ڕەوشەنی مستەفای سەقزی
مۆسیقارە، قوتابی پەیمانگایە، من لە هەموو
قۆناغەكان نمونەم بۆ ناردووە، لە هەموو قۆناغەكان.
كۆمەڵێك دەفتەری نۆتە و سی دی بوون ، هەموویانی لە
زەرفەكە دەرهێناو گووتی تەماشابكە، لە هەموو
قۆناغەكانی مێژووی مۆسیقا نمونەم بۆ هەڵبژاردووە،
لە ڕینیسانس »ئەمیلیۆ دی كاڤالێری» م بۆ
هەڵبژاردووە لەگەڵ »گیۆڤانی پیرلۆگی دە
پالاسترینا«. لە قۆناغی »بارۆك« دەزانم حەزی لە
»ئەنتۆنیۆ ڤیڤالدیی« ـە، نمونەیەكی تریشم بۆ
ناردووە »هێنری پۆرسێلی«. لە كلاسیكەكان »هایدن «
و مۆزارت« م بۆ ناردووە، لە ڕۆمانتیكەكان »گیۆشینۆ
ڕۆزینی«، ئا ڕۆزینی مەزن، كە خۆم زۆر حەزم لێیەتی
لەگەڵ »میندلسۆن« و »جۆن شتاینەر«دا، هەتا لە
نوسەرە مۆسیقییە مۆدێرنەكانیش شتم بۆ ناردووە
»بنیامین بریتن«م بۆ ناردووە، »دۆناتۆس هاوس«م بۆ
ناردووە، »ماركۆس شتۆك هاوزن«م بۆ ناردووە.
مامۆستا شەرەفیار لە تۆ باشترم دەستناكەوێت، ئەم
شتانەی پیابنێرمەوە، لە تۆ باشترم دەستناكەوێت.
من گووتم: ئەگەر ژمارەی تەلەفونەكەی لەسەر بێت، بەچاوان، گرنگترین شت ژمارەی
تەلەفونەكەیە.
ئەو گووتی: نا گرنگترین شت ئەوەیە بیدەیتە دەست خۆی، سەد دەر سەد دڵنیابیت كە
ئەوە ڕەوشەنی مستەفای سەقزییە، گەر دڵنیانەبوویت
نەیدەیتێ، چونكە ئەو شتانەی ئەو بە تۆی دەڵێت زۆر
گرنگن، زۆر زۆر. مەسەلەكە هەر ئەوە نییە تۆ كتێبی
نۆتەو سی دی مۆسیقاكانی بدەیتێ، بەڵكو شتێكی تریشە
كە ئەو پێت دەڵێت.
من بە سەرسامییەوە پرسیم: مەبەستت ڕاسپاردەیەكی
تایبەتییە، من بۆ تۆی بهێنمەوە یاخود چی؟ بەڵام
گەر ئەو ڕاسپاردەیەكی بۆ تۆ هەبوو، چۆن بیهێنمەوە؟
چۆن پێتبڵێم؟ ئایا من بەڕێزتان دەبینمەوە؟؟
گووتی: نا، نا، هەرگیز، من و تۆ یەكتری نابینینەوە، من دەچم بۆ شارێكی تر،
ئەمە دواهەمین چاوپێكەوتنی من و تۆیە. لێرە بە
دواوە تۆ تا هەتاهەتایە من نابینیت.
بە كەمێك پەشۆكان و نا حاڵیبوونەوە، لێم پرسی:
بەڵام بڵێم كێ ئەم شتانەی بۆ ناردویت؟
گووتی: بڵێ شاروخی شاروخ، شاروخ مەهدی شاروخ... دڵشكاوترین نەیژەنی دونیا تا
ڕۆژی قیامەت.
من ویستم هەندێك پرسیاری لێبكەم، دەستی گرتم و گووتی: ئەفسوس كە كاتم نییە.
دەبێت بڕۆم، دەبێت بڕۆم، تۆ نازانیت، مامۆستا چەند
گرنگ بوو تۆ ببینم، نازانیت چەند ماوەیەكی كورتم
هەبوو، زۆر شتی گرنگ لەسەر ئەم دیدارەی من و تۆ
وەستاوە، تا دەگەیتەوە كوردستان بیری لێمەكەرەوە،
تێگەیشتنی ئاسان نییە، بەڵام جەلادەتی كۆتر هەموو
شتێكت بۆ ڕووندەكاتەوە، چی پرسیارێكت هەیە،
دەتوانیت لە جەلادەتی كۆتری بكەیت، من هیچ نیم، من
كە ڕۆیشتم ئیدی نامبینیتەوە.
بە بێسەبرییەوە پرسیم: تۆ دەڵێیت چی؟ جەلادەتی
كۆتر كێیە؟ من كەس ناناسم بەو ناوەوە.
بە خەندەیەكی پڕ نهێنییەوە گووتی: جەلادەتی كۆتر، ئەو كوڕەیە كە لە شاری
مۆسیقارە سپییەكانەوە هاتۆتەوە.
گووتم: شاری چی؟
بە ئارامییەوە دووبارەیكردەوە: شاری مۆسیقارە
سپییەكان.
لەو كاتەدا من گەیشتبوومە بەر دەمی ئەو جێگایەی جانتا چكۆلەكەمی لێباردەكەم.
زەرفی سپی، ئەو سپیپۆشە نەناسە هەر بەدەستمەوە
بوو، خانمێك سەیری پاسپۆرت و بلیتەكەی كردم و
جانتاكەی كێشاو لەسەر باندێكی لاستیكی درێژ،
ڕەوانەی جێگایەكی نادیاری كرد. كە بۆردین كارتەكەم
وەرگرت، ئاوڕمدایەوە ویستم قسەكانم لەگەڵ ئاغای
شاروخی شاروخدا تەواوبكەم، كە وەك شێت و شەوێر
هاتە بەرچاوم، بەڵام نەمابوو. ئەو ماوە كەمەی تا
فڕینی فڕۆكەكە لە بەردەممدا مابوو، بەر لەوەی بچمە
ترانزێتەوە، هەمووی لە دویی ئەو كوڕە سپیپۆشە
گەڕام و نەمدۆزییەوە. بەردەمی هەموو هێڵە
ئاسمانییەكان گەڕام، چەند كافیتریا و وردە
بازاڕێكی ناو فڕۆكەخانەكە گەڕام، لە هیچ جێگایەك
بەرچاوم نەكەوتەوە. بەر لەوەی بچمە شوێنی چێكی
پاسپۆرتەكان و دوا جێگای پشكنین، دووبارە هەموو
ئەو زەرفەم دەرهێنایەوە و تەماشامكردەوە، هیچ
شتێكی تیانەبوو جێگای گومان بێت، شتەكانم پێچایەوە
و ژمارەی تەلەفونەكەم بە جیا لە دەفتەری
ژمارەكاندا نوسی و لە تەنیشتییەوە نوسیم: ڕەوشەن
مستەفا. بە گشتی پێموابوو ئاغای شاروخ یەكێكە لەو
كوردە بەدبەختانەی سەفەری درێژو نەبوونی
پەناهەندەگی و فشاری غوربەت شێتیانكردوە. من خۆم
دەردی گەورەم هەبوو، بێئەوەی چیتر بیربكەمەوە لە
سخێپوڵەوە بەرەو دیمەشق سواربووم. ئەوە سەرەتای
سەرەتای ئەم ڕۆمانەبوو كە دواجار لە جێگایەی
دیكەدا دوور لە زەوی و زەمانی ئاسایی دواییدێت.
*
*
*
من دوای گەڕانەوەم بە هەفتەیەك ، لە دوكانی
دۆستێكەوە تەلەفونم بۆ ئەو ژمارەیە كرد كە لەسەر
زەرفە سپییەكە بوو، كچێكی ئێجگار دەنگ ناسك و هێمن
هەڵیگرت، وەك ئەوەی لە سەرزەمینێكی ترەوە قسەبكات،
وەك ئەوەی لە خەونێكی قووڵدا بێت، وەك ئەوەی
مۆسیقایەكی تەلیسماوی لە دەنگیدا بێت و بیەوێت بەو
مۆسیقایە فریوتبدات وەڵامیدامەوە. من پێمگووت:
بەڕێز، من ناوم عەلی شەرەفیارە، لە ئەڵمانیا
دەژیم. ڕاسپاردەیەكی تایبەتیم بۆ خانم ڕەوشەن
مستەفا هەیە، دەمەوێت بە شەخسی لەگەڵ ئەو خانمەدا
قسەبكەم، ئەگەر گونجاوبێت.
خانمە دەنگ ناسكەكە گووتی: بەڵێ مامۆستا شەرەفیار،
من چاوەڕێمدەكردیت هەموومان چاوەڕێی تۆ دەكەین؟
بەسەرسامییەوە گووتم: ببوورە نەمدەزانی هێند
پەلەتانە، باوەڕكە نەمدەزانی، من كێشەو گێچەڵێكی
زۆر لە ژیانمدایە، بەهەرحاڵ گەر ئێستا ئامادەبن،
من هەر ئێستا دەتوانم شتەكان بگەێنمە دەستتان. گەر
ناونیشانی خۆتم بدەیتێ، ئێستا تاكسییەك دەگرم و
دێم.
خانمەكە گووتی: نا مامۆستا، ئێمە چاوەڕێی خۆت
دەكەین، ئێمە چاوەڕێی بەڕێزتان دەكەین، بە تایبەت
جەلادەتی كۆتر.
جارێكی تر بەسەرسامییەوە پرسیم:
ئاە خوای گەورە، جەلادەتی كۆتر كێیە؟ من هەمەو
نیمە زەرفێكم بۆ تۆ هێناوەتەوە، كاتێكی زۆر كەمم
هەیە، شەو و ڕۆژ بە ڕێگای دادگاو تاپۆو
ئەمسەرەوسەرەوەم، دەمبوریت خانم دەمبوریت بەڵام
خانم پێمبڵێ ئاغای جەلادەتی كۆتر چی لە من دەوێت؟
دەنگەكە بە هەمان هێمنی و ناسكی خۆیەوە، بێ
پەشۆكان گووتی: دەزانین هەموو دەزانین كە تۆ چەند
سەرقاڵیت، بەڵام شتێكی ئێجگار گرنگە، حیكایەتەكە
شتێكی پڕ نهێنییە، تێدەگەیت مامۆستا، ئێمە
هەموومان پێشتر كتێبەكانی تۆمان خوێندۆتەوە،
هەموومان، ئەوە بڕیارێكی بە كۆمەڵ بوو، تۆ تەنیا
كەسێكی دەتوانیت بینوسیت تەنیا كەسێكیت.
من پیاوێكی بێسەبربووم، خەڵكانێكی زۆر منیان بە
باشترین نوسەری ئەو زەمانە دەزانی، بەڵام دەبێت
بڵێم كە ئەوكات لە حاڵێكدا نەبووم بیر لە نوسین
بكەمەوە، نوسین مایەی هەموو دەرد و بەڵا گەورەكانی
ژیانی من بوو، ئاە بوەستن زۆر نوسەری تریش هەن
وایان گوتووە، بەڵام كەس بە ئەندازەی من دەردی لە
نوسین نەبینیوە، پتر لە شەش مانگ بوو هیچم
نەنوسیبوو، هێندەی قەڵەمم دەگرت بەدەستمەوە،
كارەساتێك لە ژیانمدا ڕوویدەدا، هێندەی كتێبێكم
تەواودەكرد شتێكی تراژیدی ڕۆحمی هەڵدەتەكاند. نا
باكم بەو جنێو و درۆیانە نەبوو كە لەوسەردەمەدا
ڕۆژنامەكان لەسەر من بڵاویاندەكردەوە، پێموابوو
هەموو تێكستێكی گەورە هەمیشە كۆمەڵێك دوژمنی
گەمژەی هەیە، منیش ڕۆژێك لە ڕۆژان لەو نوسەرانە
نەبووم خەڵكی گەمژە بمترسێنن، بە پێچەوانەوە هێزی
خۆم لەوەدا دەبینی كە توانایەكی سەرسوڕهێنەرم
تێدایە بە پیاوانی بێدەماغ پێبكەنم و لەسەر
ئیشكردنی خۆم بەردەوام بم. بەڵام هێدی هێدی نوسینم
وەك ڕێگایەك دەبینی بەرەو مەرگ.
بە كەمێك كەمتەرخەمی و گاڵتەجاڕییەوە گووتم: ئەها
خانم، دەترسێم تۆش لەوانە بیت، كە ژیانی خۆیانم بۆ
دەخەنە سەر دووپەڕە و پێمدەڵێن، ئاغای شەرەفیار
بمانكە بە ڕۆمان، بمانكە بە چیرۆكێكی خۆت، عەزیزم
گەر مەسەلەكە بەوجۆرەیە لە بیریكە، چونكە من وازم
لە نوسین هێناوە، چاكتر وایە چیرۆكنوسێكی تر
بدۆزیتەوە. تێناگەم ئەو دەردە چییە بڵاوبۆتەوە،
چما چی بووە وا هەموو خەڵك لە ناكاو دەیانەوێت ببن
بە پاڵەوانی چیرۆك؟
كچەكە بەسەبرێكەوە پێكەنی و گووتی: مامۆستا دەبێت
بە هێمنی قسەبكەین، هەموو دەزانین ئاسان نییە
مرۆڤێك ڕازیبكەیت كتێبێك بنوسێت، هەموو دەزانین.
بەڵام...
من زۆر ئارەزووی قسەكردنم نەبوو، هەناسەیەكم
هەڵكێشاو كەمێك خۆم ئارامكردەوەو گووتم: خانم ، بە
هەرحاڵ كە شتەكانم بۆ هێنایت، دەتوانین زیاتر
قسەبكەین دەتوانیت هەموو شتێكم بۆ ڕوونبكەیتەوە،
مەترسە، من گوێگرێكی باشم. هەمیشەش بەمجۆرە بێسەبر
نیم.
دوای دوو ڕۆژ لەو پەیوەندییە بۆ یەكەمجار جەلادەتی
كۆترم بینی. دیارە هێشتا زۆرزووە چیرۆكی
چاوپێكەوتنی خۆم و جەلادەتی كۆترتان بۆ باسبكەم،
كە بە جۆرێك لە جۆرەكان دەكەوێتە ناوەڕاستی ئەم
ڕۆمانەوە، بەڵام وەك سەرەتا دەبێت بڵێم كە ئەم
ڕۆمانەی ئەمڕۆ ئێوە دەیخوێننەوە، بەرهەمی ئەو
چاوپێكەوتنە خەیاڵی و سەیرەبوو كە چەند ساڵێك
لەمەوبەر لە نێوان من و ئەو كوڕەدا ڕوویدا، كە ئەو
سەردەمانە لە نێوان كۆمەڵێك جیهانی جیاواز
جیاوازدا لە گەرمەی هاتوچۆدا بوو. من لەگەڵ هەموو
بێكاتی و دەردەسەرییە گەورەكانی ژیانمدا، دواجار
دەبایە كتێبێكی تر بنوسم، ئەوە یەكەمجاربوو
قەبووڵیبكەم كتێبێك بنوسم پاڵەوانە ڕاستەقینەكەی
بناسم و بینیبێتم، قەبووڵیبكەم ڕۆڵی خۆم وەك نوسەر
كورتبكەمەوە و دەسەڵاتێكی زۆر بدەم بە یەكێك لە
پاڵەوانەكان. تەنیا شتێك ئێستا پێویستە بیزانن ئەو
ڕێكەوتنە سەیرەیە كە لەسەرەتاوە لەگەڵ جەلادەتی
كۆتردا بەستم، ئەوەی من مافی ئەوەم هەبێت، بەشێكی
حیكایەتەكە بگێڕمەوە، مافی ئەوەم هەبێت لەو
بەشانەدا كە ئەو دەیگێڕێتەوە دەسكاری داڕشتن و
شێوازی حیكایەت و سروشتی زمان بكەم. مافی ئەوەم
هەبێت لە كوێدا ویستم من ببم بە حیكایەتخوان،
تەواو وەك شانۆگەرییەك كە دەرهێنەرەكەی خۆی لە نێو
شانۆگەرییەكەدا دەبێتە ئەكتەر و حیكاتخوان. دواجار
من و ئەو بە شێوەیەك لە شێوەكان ئەم كتێبەمان
بەشكرد…ئێستا دڵنیام هەمووتان دەپرسن، جەلادەتی
كۆتر كێیە؟ چ جۆرە مرۆڤێكە؟ چ جۆرە ژیانێك ژیاوە
شایستەبێت مرۆڤ بیكاتە ڕۆمان؟ چاكتر وایە
لەسەرەتاوە خۆم هەموو شتێكتان بۆ بگێڕمەوە.
|
|