left top right
Bachtyar-Ali.COM
spacer4
under
 
سەرۆک...
"تۆ ئەى کڕیارى کۆنى زبڵخانەى ژیان"

ئاسۆ جەبار
گەڕانێک بەدواى مەرگى کاریزماو کاڵبوونەوەى مرۆڤ وەک بووەیەکى بەرجەستە لە هەردوو قەسیدەى
"سەرۆک"و "ئەى ئەوەى من گوناهباردەکەى" ى بەختیار عەلى

 
کوشتنى کاریزما
کاریزما دروستکراوى دەستى کڵێشەسازییەکى ئیلاهیى مرۆییە، سەرزەمینێکیشە بۆ بەرپاکردنى ژیانو فوکردن بە ئاوەدانییەکاندا، سروشتێکە لەدەرەوەى ئەو سروشتە مرۆییەى کە ئێمە دەیزانین، هاوکات هەر لەهەمان ناوەندى ئەو سروشتەشەوە کڵێشەیەکى دیکەى ژیان بەرجەستە دەبێت، لەتەواوى بوونەوەرەکاندا خۆى دووبارەدەکاتەوە، لەبەرگیراوەیەکى خوداییە بۆ بەرپاکردنى ژیانێک لەدەرەوەى ژیانى ئاسایى بوونەوەرەکان، کاریزما مەودایەکە گەردونگەراى خولگەیەکى نەبڕاوەو ناکۆتا دەکات. ئەو گەردوونە جیاوازەى ئەو تیایدا گەورە دەبێت لەدەرەوەى خولگە ئاساییەکانى تەواوى گەردوونە، لەکاتێکدا ئەفسانەیەکە بۆ بەستنەوەى تەواوى هەبووەکان بە دەلالەتێکەوە، بەستنەوەوى تەواوى کەرەستە خەیاڵییەکان بەئێستاى روانینەوە. کاریزما کە هێزێکى نەبڕاوە لە پشتییەوە ئامادەیەو لەپەنهانەوە ئاڕاستەى دەکات، لەناوەڕا هێزەکانى دەرەوەى مەوداکانى خۆى لەخۆىدا تەواو دەکات، لەدەرەوەڕا کەرەستەگەلى جیاجیا بەکاردەبات بۆ رەخساندنى ژیانو ئاساییکردنەوەى روانینو بەریەککەوتنەکان.
درۆیەکى گەورەیە کاریزما بەبێ فەنتازیاو بەبێ هێماو بەبێ بەها سەروکارى لەگەڵ ژیانو مەرگدا هەبێت، لەوە خراپتر ئەوەیە ئێمە بگەینە ئەو باوەڕەى کە ئێمە لەدەرەوەى ئەودا دەژین، لەبەرئەوە کاریزما نەوەى ئێستا نییە، هەڵبەت نەوەى مێژووییەکى دیاریکراویش نییە، نەوەى ئێستایەکى درێژکراوەى مێژووییەکى دێرنە کە مەعریفەیەکى کۆنکرێتى لەپشتەوە ئامادەیە، هاوکات سەربارى بێکۆتایى رووبەرەکانى لەتوانایدایە گەمە بە زەمەنو شوێنو بابەتیوونى خۆىو دەرەوەى خۆى بکات، هاوکات لەتواناشیدایە ئێستایەکى وەستاو بگۆڕێت بۆ ئێستایەکى جوڵاو و کاریگەر. بێئاگاییەکى گەورەیە؛ گەر لەو خەیاڵەدا بژین کە خاڵى تێگەیشتنێکى یەکلایکەرەوە دەربارەى ئەفسانەییبوونى کاریزماو بەخورافیکردنى ئەو بوونەوەرە خوداییەى کە لەگەڵماندا دەژىو نایناسینو کەوتوینەتە دەرەوەى مەودا مەعریفىو ئیلاهىو زەمەنیەکانییەوەو خۆمان لە شەبەنگەکانى رزگاردەکەین. کاریزما بەتاڵکردنەوەى ژیانە لە سادەگىو پڕکردنى مەوداکانە لە میتافیزیکا، لەبەرئەوە کاریزما بۆئەوەى خۆى بەسەر بوونەوەرەکاندا دابەشبکات دەبێتە تۆفانو خەیاڵە سادەکانى تۆ دەبڕێو بەرگێکى ئەفسانەییت لەبەردەکاتو ئەو بوونەوەرە خەیاڵییەى نێو ناخى مرۆڤەکان دروستدەکاتەوە کە بەردەوام لەبەردەم مەترسى فەوتاندایە.
لەمێژەوە مرۆڤایەتى پەیوەستە بەئاستە ژیارییەکانى ئەو مەودا نادیارەوە، کارئەکتەرێک نەبووە لەدەرەوەى ئەو مەودایە دەروازەکانى ژیانى بەسەر ئەو مەودایەدا داخستبێت، لەبەرئەوە ئەوڕۆکە پاشماوەیەکى کەڵەکەبووى دێرینمان لەبەردەستدایە تا لە ئێستامان تێبگەین، تێگەیشتنى ئێمە لە ئێستا بەتەنها نەوەستاوە لەسەر زانینو لەبەرکردنى مێژوو و پێکهاتە کولتورىو کۆمەڵایەتییەکانى شارستانىو وێنە پەرشوبڵاوەکانى ئەو چوارچێوە مەعریفییەى سەرەتاى گەڵاڵەبوونى هزرى ئەو بوونەوەرە شەفافەى کە مرۆڤە لەرابووردووە دوورەکانو لە ئێستا نزیکو دوورەکانىدا، کە پێویستە لە ئێستادا ببێتە خەمێک بۆ گەڵاڵەکردنى تێڕوانینێکى مەعریفى نوێ بۆ خوێندنەوەو راڤەکردنى ئاستە مەعریفىو ئەفسانەیىو ئیلاهییەکانى سەردەمە بەراییەکانو سەرەتاکانى ژیارى. لەبەرئەوە لێرەوە دەگەینە ئەو پرسیارەى کە دەڵێ ئەوڕۆکە ئێمەى مرۆڤى مۆدێرن، ئێمەى سەرسام لەبەردەم پێشکەوتنو تەنیاییەکانى خۆماندا، سەرسام لەبەردەم بچوکبوونەوەى گەردوونو بەرفروانبوونى ئاستە جیاجیاکانىو ژیانو بچوکبونەوەى پانتاییەکانى لەزەتو چێژوەرگرتن، ئێمەى بێئاگا لە سەرەتایترین خەیاڵو سادەترین مەوداى روانین لە سەرەتاکانى شارستانىو سەرەتاکانى فەنتازیاى درووستبوون، ئێمە لە بۆتەى کام مێژوو دەرباز بووینو کەوتوینەتە کام مەوداى هێزەوە، ئێستاکە ئێمە لە چ قەفەزێک داینو لەکام قەفەزى زێرین رزگارمان بووە… کامە رێگە دەچێتەوە سەر یەکەمین مەعریفەى مرۆڤو یەکەمین پێغەمبەرو خوداو کام رێگەیەش دەچێتەوە سەر سەرەتایترین باوەڕو فەنتازیاو دوایەمین باوەڕ کە کوشتنى خودایە لەلاى نیتشەو کاڵبوونەوەى مرۆڤە لەسەردەمى نوێدا.
ئەوڕۆکە مرۆڤایەتى لەمەودایەکى هێندە ئاڵوزدا دەگوزەرێ کە ناتوانێت بەبێ روانین، بەبێ دنیابینى، بەبێ فەنتازیا بگاتەوە بە وێنە خێراکانى ژیان، ناتوانێت لەو کۆدانەدا بژى کە بوونەوەرەکان لەسەر بنەما ژمارەیىو وەک رێژەى نەگۆڕ تۆماردەکاتو دەیکات بە داتاو بە داتاکانى دیکەدا گەماروتدەدات، تۆ ئەوڕوکە بوونەوەرێکى شەفافى، بەڵام بەئەندازەى وێنەیەکى ئەلیکترۆنى، تۆ فۆتۆنێکى ئەلیکترۆنیت لەناو ئەو گەردوونە ئەلیکترۆنىو فۆتۆنییەدا لەبەریەککەوتنو گواستنەوەداى، تۆ لە سەرزەمینێکدا دەگوزەرێیت بە ئەندازەى ئەستێرەیەکى داخراو، لەلایەک ئارامى تۆى تەنها دادەگرێو قەرەباڵەغیش فڕێتدەداتە نێو فەزایەکى گەورەى پەیوەندییە بێسەرەوبەرو وێنەیىو بەرجەستەکان، تۆ لەڕێى ژمارەیەکى تۆمارکراوەوە بەبێ رەزامەندى خۆتو بەبێ هەستەوەرەکانت دەگەیتە ئەوپەڕى دنیاو بەهەمان شێوە لە خولگەى خۆتیشدا وەک بەهایەکى وێکچووى بەهاکانى دیکە لەبازنەیەکى داخراودا دەخولێیتەوە، کەواتە وەک هەموو کۆدەکانى دیکە ژیانت داگیرکردووەو کەوتویتەتە دەرەوەى فەنتازیاکانو لەناو میتافیزیکایەکى نوێدا روانینەکانت دابەشدەکەیت.
تۆ لە کەرنەڤاڵێک دایت هاوشێوەى ئەسپەکەى تەروادە، لەهەناوى کەژاوەیەک دایت پڕ لە هەبووەکانى دیکەو پڕ لە وێنەى شکاوى بوونەوەرەکانى دیکە، هاوشێوەى کەشتییەکەى نوح، بەڵام تۆ لەسەرزەمینێکى بچوکدا سەفەردەکەیتو رێگەکان دەچنەوە سەریەک، دەریاکان لەیەک دەچن، وشکانییەکان لەیەکدەچن، بەڵام وێنەو وێناکراوەکانیان جیاوازە، ناگەیتە لەنگەرە ئارامەکانى دابەشبوونى خۆت، تۆ وەک باقى بوونەرەکانى دیکە لەشەڕ داى. مرۆڤ بوونەوەرێکى مۆدێرنى سەر ڕووى ئەم هەسارەیەیە لەشەڕێکى گەورەدایە لەگەڵ خۆىو باقى کەرەستەو بەهاکانى دیکەدا، بەڵام لەبۆنەیەکى گەورەى تەوتەمى دایە، مرۆڤى مۆدێرن پاش لەناوبردنى تەوتەمە کلاسیکییەکان بەدەستى خۆى، سەرەنجام خۆى بووەتە تەوتەمو هەمیشە داوەتى خواردنى خۆیەتى لەسەر خوانى تەوتەمە مۆدێرنەکانى، مرۆڤ لەم سەردەمە جەنجاڵەدا بەدیار تەواوبوونى خۆیەوە دانیشتووە، لەناو گەمژییەکانى خۆیدا هاوکێشەکانو گەمەکان داگیریدەکەنو دەبێتەوە بە هەمان ئەو قوربانییە سەرەتاییەى بەراییەکانى مێژوو، کەواتە مرۆڤ لەم سەردەمەدا سەربارى ئەوەى کەوتۆتە دەرەوەى رایەڵە داخراوەکانى ئاینو لەدەرەوەى ئەو ئیلاهیاتە فۆتۆنێکى نوێیە، قوربانییەکى گەورەى پەیوەندىو رێکەوتە سەیروسەمەرەکانە. مرۆڤ ئەو بوونەوەرە سەرسامەیە کە بەدیار رووتبونەوەى خۆىو کاڵبوونەوەى لەزەتەکانىو فەنتازیاکانییەوە، بێئاگا لە تەوابوونى خۆى، بەتاڵ لە حیکایەتێکى نوێ بچوکدەبێتەوە (کەواتە تا تەکنۆلۆژیا پێشبکەوێت مرۆڤ بچوکدەبێتەوەو کاریزماکان گەورەتر دەبنو دەبنە هێزێکى ئەلیکترۆنى لەرادەبەدەرى وا کە لەناوەوەڕا شوناسێکى دیاریکراو نایگرێتەوەو لەدەرەوەى خۆشى نە مانایەکو نە بەهایەک داگیریدەکەن، سنورەکانى جەستە دەبڕنو تەواوى هەبووەکان لەو میتافیزیکا نوێیەدا دەبنە بوونەرە شەفافەکانو شەپۆلەکانى روناکى دەیانبڕێتو شتێک نامێنێتەوە بەناوى نادیارو تاریکو پەنهانەوە.)
ئەوە فەنتازیایە دەوباتەوە سەر رێگەکان، سەر تارماییەکان، سەر خوداکان، بەبێ ئەو بوونەوەرە خەیاڵییەى نێو ناخى خۆمان ناگەینەوە بەیەکترىو ناگەینەوە بە ئەنتۆڵۆژیا، ناگەینەوە سەرزەمینە داخراوەکانى خۆمان، ئەوەى لێرەدا دەیخوێنیتەوە تێڕوانینێکى عارفانە نییە بۆ دنیاو دنیابینییەکى شاعیرانە نییە بۆ نێو قوڵاییەکان، هاوکات وتارێکى وشکى ئەکادیمیش نییە سەرى تۆى پێ بیەشێنم، ئەم وتارە تەنها گەڕانێکە بەدواى ئەو بوونەوەرە تەنهایەى نێو ناخى خۆمانو گەڕانە بەدواى شێوازێکى دیکەو روانینێکى دیکە بۆ شیعرو روانێک لەدەرەوەى ترادسیۆنە باوەکان. لێرەوە دەگەینە ئەو باوەڕەى کە کاریزماى نوێ بەبێ خەیالًَگە جیاوازەکانى ناژى، بەبێ فەنتازیاو بەبێ ئەو توراسە ناژى، ئەو توراسێکى گەورەى هەیە لەئێستادا، بەم مانایە کاریزما بەردەوام لەهەوڵى دروستکردنى بەهاو ماناى نوێ دایە بۆ سڕینەوەى بەهاکانى پێشخۆىو یان شوناسەکانى دیکەى، بەردەوام لەهەوڵى گەڵاڵەکردنى دنیایەک دایە لەدەرەوەى دنیاکەى تۆ، جیهانێک لەناو جیهانەکەى تۆدا، بەڵام فراوانترو خەیاڵیترو واقعیتر، هەڵبەت ئەو کە بوونەوەرێک نییە، بەرجەستە، نە جەستەیەکى دیاریکراوە، نە خەیاڵگەیەکى بەرجەستەیە لە زەیندا، بەڵکە ئەو لە دیوە پیرۆزەکەىدا روحێکى ترسناکو ئارامبەخشو بکوژو میهرەبانە، ئەو دەبێتە کۆبوونەوەى ژیانو مەرگ، ترسو ئارامى، بوونو نەبوون، کەواتە کاریزما بەرلە هەر شتێک ئەنتۆلۆژیایەکى دیارینەکراوە لە پەنهانەوە دێو نەوەى یەکەمى تارماییەکانە، بەڵام تارماییەکى وێنەییە کە لە مرۆڤ جیانابێتەوە. مرۆڤ لەبەردەم کاریزما ئەو گەورانەدا دەبێتە بەو بوونەرە بچوکە گوناهبارەى کە دەکەوێتە دەرەوەى مەوداکانو دەرەوەى خەیاڵگەکانو دەرەوەى حیکایەتەکان، دەرەنجام تۆنابیتە خاوەنى تاکە یەک حکیایەتو دەبیتە گوێگرێکى باشو پانتاییەکى بێسنورى وەرگرتنو هەڵمژینى ئەو میتافیزیکا نوێیە.

گوناهى من نییە تۆ ناتوانیت گوڵ بگریت
گوناهى من نییە، سەرى تۆ لەدڕک زیاتر هیچ ناگرێت
ئەوەى من دەینێرم بۆ ئەبەدییەت بەتۆ ناگەڕێتەوە
ئەو خاکو زەریایانەى من دروستیاندەکەم، بەگەزى پەرپووتى تۆ ناپێورێن
تۆ ئەى کڕیارى کۆنى زبڵخانەى ژیان
دانى تۆ لەوە پیرترە، گوێزى پڕ حیکمەتى من بشکێنێت
لوتى تۆ لەوە زەلیلترە، بۆنى باغى من بکات. ( ئەى ئەوەى من گوناهبار دەکەى ،ل51-52)


وێناکردنى ئەو سەرزەمینەى کە تاکەیەک خەیاڵگەى جیاوازو تاکەیەک بوونەوەرى تەنهاى تیادا دەگوزەرێ زۆر قورسترە لە راڤەکردنو وێناکردنى ئەو دنیا قەرەباڵەغەى مرۆڤ کە پڕە لە خەیاڵگەى جیاوازو پڕە لە بوونو پڕە لە هیچ، پڕە لە هەڵکەوتەى بێ ماناو پڕە لە فەنتازیاى قەقنەسى، پڕە لە مرۆڤە گوناهبارەکان، مرۆڤە خەسیوەکان، پڕیشە لەو بوونەوەرە لەرزۆکانەى کە نیوەى جەستەیان غەرقى جەهلەو نیوەکەى ترى غەرقى کەرەستە مۆدێرنەکانى ژیانو روانینە نوێکانە، دەستیان ئاڵانۆتە نەریتە بەباچووکانى چاخە دێرینەکانى روانینو لەو سەرزەمینە داخراوەدا بەجێماون، لەلایەک غەرقى شیعرو غەرقى ئەو جوانییە موزەیەفانەیە کە لە وێنەکانى تێناگاتو بەدنیایەک روخسارى تەنەکورییەوە دەستى داوەتە یەخەى ئەو جوانییەى کە ئارتۆر رامبۆ چەکى دژى ئەو عەدالەتە هەڵگرتووە کە ئەو جوانیانە لە ئێوارەیەکدا دێنە باوەشییەوەو ئەو تاڵییە دەچێژێ کە جوانییە. ئەو بوونەوەرە گوناهبارانەى تا قسەیان لەسەر بکەى، واتایەکى دیاریکراو و خەیاڵگەو روانینێکى دیاریکراویان بۆ نادۆزیتەوە. گەر چەمکى گوناهبارى پێکهاتەیەکى ئەنتۆلۆژى جیاوازى ئەو مەخلوقانە بێت، ئەوا بە دیوێکى دیکەدا نیگەرانییەکى گەورەیە لەباقى هەبووەکانو زانینى دەرەوەى ئەو بازنە داخراوەى بوون. لەبەرئەوە ئەو بوونەوەرە هەزیلەى تا سەرئێسقان گوناهبارە بە تێنەگەیشتن لە جوانییەکان، گوناهباریشە بە کوشتنى بوونو سڕینەوەى ئەو هەستە گەورەیە بە میهرەبانى لە دەرەوەى ئەو فەزلە ئیلاهییەى کە یۆتۆبیاو کاریزما بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کەمێک شاعیرانە بدوێین؛ ئەوا ئەو بوونەوەرە بەشداریشە لە ناشرینکردنى ژیانو رازانەوەى مەرگ، ئەو کە مرۆڤێکى پەرتەوازەیە لە نێوان ژیانو مەرگدا؛ خۆى بۆ کۆناکرێتەوە لە خەیاڵگەیەکو روانینێکى جیاوازو سەرزەمینێکى دیکەدا کە لەباقى شوێنگەکانى ترو زێدگەکانى تر یۆتۆبیترە. ئەو کە ناتوانێت خەیاڵێک بگرێتە جوانییەکانو روانینێک لە ئەنتۆلۆژیا سادەکانى بووندا گەورەبکات، ئەوا ئەو مرۆڤە گوناهبارە بەناشرینکردنى ژیان، بەلایەنى کەمەوە ژیان دۆست نییە، مەرگ پەرستێکە بەواتا یۆتۆبییەکەى خۆى کە بووەتە نەریتێکى سازشکارانە لەگەڵ خودى خۆىو مەودا ئەفسانەییەکانى بەریەککەوتنى لەگەڵ ژیاندا. ئەو لە خۆىدا دروست دەبێتو لەخۆىدا تەواو دەبێت، ئەو دەکەوێتە دەرەوەى هاوکێشەکانو دەرەوەى چێژە نوێکان، بەڵام دەکەوێت خولگەیەکى نەبڕاوەى بێماناییەکانو ستراکتۆرە داخراوەکان.

ئەو کە ناتوانێت لە وێناکراوێکى جیاوازدا بژى، ناشتوانێت لە شەقامە تەنهاکانى ئێوارەیەکدا پیاسەبکاتو لە ئاوابوونێکدا دابەشبێتەوە، ئەو کە لەتاریکییەوە سەرچاوەى نەگرتووە، بێگومان زادەى ئەو بۆشاییە گەورەیەیە کە لە نێوان سڕینەوى خۆىدا وەک ئەنتۆلۆژیاو لەبەرگرتنەوەى خۆى وەک بوونەرێکى بچوکى میتافیزکى، کە نابێتەوە بە هێمایەکو بە بیرکەرەوەیەکى دیکە لەدەرەوەى کایە داخراوەکانى ئەو کاریزما گەورەیەى کە هێماو کایەو ئاستە ژیارییەکان قوتدەدات. ئەو بوونەوەرە راڕایەى کە لەنێوان سڕینەوەى خۆىدایە وەک بووەیەکى واقعىو فەنتازى لە بەدگومانێکى گەورەدایە بەرامبەر دەرەوەى خۆىو ئەو پێکهاتە ژیارییەى کە روانینەکانى داگیردەکات، کەرەستەگەلێکى بێشومار بەکاردەبات بۆ دروستکردنى زاکیرەیەکى دەستەجەمعىو دووبارەکردنەوەى ئەو یۆتۆبیایەى کار لەسەر سڕینەوەى دەکات. دواجار ئەو دواى یادەوەرییەکان دەکەوێت، بەدواى ئەو مێژوو و بەروارە کارتۆنیانەوەیە کە لەسەر رۆژمێرە خاڵیەیکانى ژیانى پڕ دەبنەوە لە بێمانایىو زەمەن فڕێیدەداتە مەودایەکى نادیارەوە. ئەو کە ناتوانێت بۆ تەنها ساتێک لەدەرەوەى ئەو زاکیرەیە دنیابینییەکى دیکە دروستبکات، ناشتوانێت سنورە داخراوەکانى ئەو میتافیزیکایە ببڕێت کە خەیاڵەکانو حیکاتیەتەکانى دەکوژێت. ئەو کە دەبێتە رەعیەتێک لە رەعیەتەکانى تێنەگەیشتن، لەدەرەوەى ئەو مەودایە بوونى نابێتو مەودایەک نایگرێتەوەو هیچ پێوەرێکیش ئەو قەوارە بچوکەى ئەوى بۆ ناپێورێت. ئەو کە رازییە بە سەرجەم گەمژەییەکانى خۆىو رەعیەتەکەى، رازیشە بە گەندەڵییە بێشومارەکانى تێنەگەیشتنو درکو روانینە داخراوەکانى ئەو نەریتە بەجێماوەى کە تەنها زادەى سەروەرییە گەمژەییەکانى خۆىو رەعیەتەکەیەتى. ئالێرەوە بەختیار لەزۆرێک لە قەسیدەکانىدا کار لەسەر ئەو بوونەوەرە دەکاتو جینالۆجیاى ئەو بونەرە گەمژەیەمان بۆ وێنەدەکات. بەختیار لەسەر ستراکتۆرى گەمژەیى کاردەکاتو لەهەوڵى دۆزینوەى ئەو پردى پەیوەندییەدایە کە لەنێوان فەنتازیاکانى گەمژەیىو ئەو میتافیزیکا نوێیەدا لەئارادایەو راییەڵەکانى بەرەو تاوەرێکى گەورەى بێئاگایى بەرزدەبێتەوە.

ئەى گەمژە گوناهى من نییە تۆ ناتوانیت یاقوت راوبکەیت
گوناهى من نییە تۆ لەجنسى خشۆکەکانیتو من لەرەگەزى تۆفان

ئەو بوونەوەرە سەرسەختەى کە لە گەمژەییە بێشومارەکانى خۆىدا دەژى نیگەران نییە بەرامبەر بوونو ئەنتۆلۆژیا، بەواتایەک نیگەران نییە بەرامبەر بە ژیانو ئەو ئاستە ژیارییەى سروشتو ئەو ڕوانینە جیاوازانەى کە مەملەکەتە شوشەییەکەى ئەو خاپوردەکەن، ئەو کە ماڵێکى شوشەیى هەیە بۆ بینینى کۆپییەکانى خۆىو دنیاکەى خۆى لێوە نابینێت، ئەو کە بەژێر پێى باراندا وەک سوهراب تێناپەڕێتو بە تنۆکى گەورەى ئەو بارانەى دەرەوەى شوشەبەندى دنیا داخراوەکەى خۆى تەڕنابێت، ئەو کە لە کەپرێکى دووردەستدا مەوداکانى گەمژەیىو رەتکردنەوەى ئەنتۆلۆژیا کوشتوییەتى، کار بۆ بچوکبوونەى خۆىو سڕینەوەى خۆى دەکات. ئەو بوونەوەرە شەقوشڕەى کە بەدیار پوچییەکانەوە پیربووە، سەرسام نییە بە هیچ، هیچ شتێک لەباخچە هەڵواسراوەکەى ئەودا پێناگاتو گەورەنابێت، ئەو گوناهبارە بەداخستنى دەرگاکانو هەڵچنینى پەنجەرەو کۆنکرێتکردنى سەوزەگیاکانى ئەو کەیفو سەفا روحییەى زاهیدێک کە بەدیار ئەستێرەکانەوە خومار دەبێتو دەگاتە نێرڤانا. ئەو ناتوانێت تەنها بۆ چرکەساتێک وەک بوزییەک بژىو پۆشاکى زەردى پایزێکى ئاڵتونى لەبەربکاتو پیاسەیەک بە شەقامە کریستاڵییەکانى روحىدا بکات، هاوکات ئەو دنیایەک ژەهرى رۆکردۆتە ژیانەوەو لەکەنار باخێکى شوشەدا بە تەزبیحێکى جەهەنەمەوە وەرزەکان دەژمێرێو خەیاڵى ناگاتە ناو شوشەبەندى ئەو باخچەیەوە کە لە تۆفان بەجێماوە.
ئەو سەرسام نییە بە گەمژەییەکانى خۆىو لە بێئاگاییە گەورەکانى رەعیەت، ئەو بێدەنگە بەرامبەر کوشتارگەکانى روحو سەرزەمینە گەورە تاراجکراوەکانى ئەو ستەمو سەروەریانەى کە لە سەر شەرەفى پڕ لە مەرگیان یەکترى تەواو دەکەن، ئەو بێدەنگە لە شەوە مەحرەمەکانى سەرۆک لە کازێوەدا لەگەڵ جەلاددا شیرى سپى بەیانییەک نۆشدەکەنو کاتژمێرەکانى پێکەوەبوون دەشکێننو چرکەپیاسەیەکى نیگاریى ئەو پاساریانە دەکوژن کە گوناهبارن بە فڕین. ئەو بوونەوەرە ناشرینەى دەستى لە یەخەى ژیان بەرنەداوەو زارۆکەکانى جەنگەڵ لە سێدارە دەداتو لە توڕەبوونێکى ئیلاهیانەدا پاش رووتکردنەوەى پەرییەکان لە ناشوێنێکەوە کە مەودایەکى دیاریکراو نایگرێتەوەو داخڵى هیچ زاکیرەیەک نابێتو بوونەکانى دەرەوەى خۆىو خەیاڵەکانى دەرەوەى خۆىو سەرزەمینەکانى دەرەوەى خۆى لەخۆىدا تەواودەکات.
ئەو کاریزمایەى کە لەسەرۆکدا ئەنتۆلۆژیایەکى گەورەتر دروستدەکات، بەیانییەک بەدزى باوە، بەدزى سپێدەوە، بەدزى خۆرکەوتەنەوە، بەدزى شەبەنگەوە، بەدزى جەنگەڵەوە، کە هێشتا خوێن تیایدا تازەیە رەشەباکانو غەریزەکان دەگۆڕێت. ئەو دەیەوێت دووبارەو چەندبارە شەریعەتەکانى گوڵو خەیاڵەکانى جەنگەڵ بگۆڕێت، ئەو گوناهبارە بە ئاوەژوکردنى جوانییەکانو کوشتنى فەنتاتزیاو گێڕانەوەى حیکایەتە ترسناکەکان بۆ شەونمێک کە تامەزرۆى مانەوەیە لە گەڵاوگوڵە چاوبەخەوەکانى شەوانى مەستى گوێ باخچەیەک. ئەمەش هاوکێشەیەکە بۆ دابەشکردنى فەنتازیا بەسەر بوونەوەرە بچوکەکانداو سڕینەوەو لێسەندنەوەى کەینونەو ژیانەو داخڵکردنى ئاستێکى دیکەى یۆتۆبیایە بۆ گەورەکردنى ئەو کاریزمایەیە کە لەنێوان بوونێکو بوونێکى دیکەدا گەورەدەبێتو دەبێت بە سەرۆک.
 
سەرۆک بەرەبەیان کە هێشتا باوێشکى شەو بە هەڵاڵەکانەوەیە، دڵى بولبول پڕە لە پرخەى مێرگوزار، چاوى سوێسکە پڕە لە ڕێشکەوپێشکەى لالەزار. کاتى جەنگمان لێمەگۆڕە... ئێمە بەرگەى شمشێرى ناوەخت ناگرین… خەنجەرمان بۆ جەنگى بەر سێبەرى نیوەڕوان کراوە... مەنجەنیقمان تەنیا ئێواران شەڕدەکات...
وەرزێکە ئێمە لە دوژمنانمان تێناگەین، وەرزێکە قانونى پەلامار گۆڕاوەو
منو تۆ بێخەبەر لە یاسا شەڕدەکەین.
هێندە شەریعەتەکان مەگۆڕە... ئێمە ناتوانین هەموو رۆژێ قانونى دڵمان بگۆڕین. (ل59)


سەرۆک کۆبونەوەى هێزەکانە لەسەر خامەى ژیانو مەرگ، بەرپاکردنى مەرگو داگیرکارییە لە خەیاڵگە جیاوەزەکانى ژیانو روانیندا، دۆزینەوەى ئەپستیمەکانى لەناوبردنو سڕینەوەى ئەوى ترو ئەوانى ترو بیرکردنەوەو مەعریفەکانى دەرەوەى ئەو کڵێشەسازییە. سەرۆک یەکگرتنى کۆمەڵێک جەمسەرە لەتاکە یەک جەمسەرى راکێشانو سڕینوەدا، سەرۆک کاریزمایەکە بەسەر مەملەکەتە بێ سنورەکانى فەنتازیاى یەکبەیەکى بونەوەرەکاندا دابەش دەبێت، کاریزمایە بۆ تێکەڵاوکردنى دەریاکانو سڕینەوەى تەڕاییەکانى کەنار، خواکردەیەکى لەخوا یاخییە بۆ گۆڕینى شەریعەتەکانو هەڵگەڕانەوەى رۆژ بەشەو و ئاشتى بە جەنگو پێکەوەبوون بە دوورکەوتنەوە، سەرۆک بۆخۆى ئارشیفێکە بۆ کۆکردنەوەى مێژووناسانێکى ملهوڕ لەسەر کورسىو مێزێکى پڕ لە درۆ و لە سەروەرییە هیچەکان. سەرۆک دەبێتەوە بە خاوەنى سەرجەم موڵکەکانو بوونەوەرەکانو فەنتازیاکان، چۆن خاوەنى شەریعەتەکانە، بەهەمان شێوە خاوەنى ئارەزووە بچوکەکانە، چۆن خاوەنى حیکایەتە گەوەرەکانە ئاوەهاش خاوەنى حیکایەتە بچوکەکانى نەوەکانێتى، سەرۆک خاوەنى سەکۆیەکى گەورەى کوشتارگەیەکە لەو خەیاڵدانە مەلحەمییەدا کە مەلەکەتێکە ژیان تیایدا لە تەجالادایە.
حیکمەتى ژیان لەدەرەوەى مەملەکەتەکەى ئەودا بەسەر خورافەو حیکایەتو زاهیدەکاندا دابەشدەبێ، ئەو کە بەشدارە لە ژەمە ژیانى هەموو بوونەوەرەکاندا، لەگەڵ ئەو زاهیدانەشدا خەڵوەتو گۆشەگیرى دابەشدەکات، بەڵام وەک سامانایەک بەدیار هاژەى شەپۆلەکانەوە لە خەڵوەتێکدایە(لێرەدا سەرۆک لە کاریزما دێتە دەرەوەو دەبێتەوە بە شاعیرو دەبێتەوە بە رۆحلەبەر)، بەڵام بێدار، بەخەبەر لەهەموو ئەو خورافاتانەى گەردوونو بەخەبەر لەهەموو ئەو کۆترانەى بەسەر گومەزە ئاڵتونییەکەیەوە هەڵنیشتوونو کێڵگە ئەبەدییەکانى ژیانیان بەجێهێشتوەو لەگمەگمى ئێوارەیەکدا کۆدەبنەوە.
ئەم نوسینە جیاوازە لەباقى نوسینەکانى من لەسەر شیعر، من لێرەوە دەمەوێت کەمێک دووربکەومەوە لە زاراوەى قورسو لە میتۆدى دەستەبژێرىو کڵیەشەسازى جیاجیا بۆ شیعر. من دەمەوێت تەنها وەک شیعر بچمە ناو ئەم قەسیدە کورتانەوە، دەمەوێت وەک زاهیدێک بچمە نێو دێڕ بەدێرى ئەو خامە جیاوازەوە کە شیعرە، رەنگە زۆرێک لەو رۆشنبیرە تەقلیدییە داخراوانە خەیاڵیان بۆ ئەوە بچێت کە نابێت لەو نەریتانە دەربچین کە بۆمان دانراوە، واتە دەبێت دەرنەچین لە بنەماکانى لێکۆڵینەوەى ئەدەبىو تەنهاو تەنها بەو شێوازە بنوسینو بیربکەینەوە، لەکاتێکدا ئەم نەریتى بیرکردنەوەیە هەزاران نەخوێنەوارت بۆ دەکات بە لێکۆڵەرەوەو وتاربێژو پرۆفیسۆر.
یەکێک لە تایبەتمەندە جیاوازەکانى ئەم هەناسە شیعریانە دروستکردنى حیکایەتىو فەنتازیاى نوێیە کە لەڕێیەوە کارئەکتەرێکى وێرانکەر تەواوى ئەو دنیاو سایکۆلۆژیا هەڵدەوەشێنێتەوەو لە حیکایەتەکانیان دایاندەماڵێو فەنتتازیاو کاریزماکانیان دەشکێنێت. بۆ نمونە؛ تۆى خوێنەر وێنەى زاهیدێک وێنادەکەى کە بەدیار گەمژەییەکانى سەرۆکەوە خامەیەکى ئەرخەوانى پڕدەکاتەوەو لەدێڕى یەکەمەوە کڵێشەسازییە کاریزمییەکانى سەرۆک دەشکێنێو ئەنتۆلۆژیایەکى دیکەى بۆ سازدەکات دەڵێ: تۆ بەدیار گەنمى بێحاسڵى کێڵگە ئەبەدییەکانى خۆتەوە پیربوویت، بەدیار گەمژییە بێشومارەکانى خۆتەووە پیربویت، هاواردەکاتو دەڵێ: تۆ بەدیار خورافاتەکانى خۆتەوە، بەدیار ئەفسانە ناشرینەکانى خۆتەوە پیردەبیتو بەفریادى ئەو دەریاوانە گەمژانەى خۆت ناکەویت کە دەمێکە جەنگ تەواو بووەو بەدۆڕاوى، سەرگەردان ئەم دەریاو ئەو دەریا دەکەن، رەنگە لە زەریایەکدا ونبوبین، ئەوانیش وەک تۆ بەدیار دۆزینەوەى وشکانیەکەوە، سەوزاییەکەوە پیردەبنو بە پێچەوانەى ئەفسانەکانەوە ناگەڕێنەوە. تۆ دنیایەک حیکایەتخوانى گەمژەو دنیایەک بونەوەرى بێماناو دنیایەک سەماکەرت هەیە، هەزاران شەوى ئەو هەزاران عیشوەتەى کۆشکە کریستاڵییەکانى ناو ژیانت پڕ دەکەن لە هەراوزەناى پێکەوەبوونو بەچاوێکى دیکەوە سەیرى مەرگ دەکەن، بەڵام تۆ تەنهاى، تەنهاتر لەخوا، تەنهاتر لەو ساتە غەمگینەى لەقەفەزە زێڕینەکەى باخچە تریالییەکانى ئەوبەر کەنار،.. مەرگى ئەو مەرگى حیکایەتەکانە، بەڵام مەرگى کاریزماکانو فەنتتازیاکان نییە.
ئەو بوونەوەرەى تەنها زادەى حیکایەتێکە، تەنها لەو ساتەوەختەوە سەرچاوە دەگرێ، تامەزرۆى گەڕانە بەدواى بێماناییەکانو کوشتنى ئێستاو سڕینەوەى هەنوکە، ئەوى دى گوناهبار نییە کە ناتوانێت ئەو بوونەوەرانە رازیبکات بەوەى لەدەرەوەى وێنەکانى خۆىو سەرزەمینە تاریکەکانى خۆى روخسارى خۆى ببینێت، ئەو زاهیدە گوناهبار نییە کە باس لە حیکمەتەکانى پەراگەندەیەکى عارف دەکاتو ئەو نایەوێت لەخەڵوەتە داخراوەکەى خۆىدا لە کڵێشەسازییە فەنتازییەکەى خۆى بێتە دەرێ، ئەو بوونەوەرە غەرقى قۆزاخە کریستاڵییەکەى خۆیەتىو رازییە بەتاکە یەک پەنجەرەو تاکە یەک دەرگاو تاکە یەک ژور بۆ بەخێوکردنى بێماناییەکانو دەرچوون لە بێهودەیى، تەنها لەو قۆزاخەیەدا بیردەکاتەوە، تەنها لەوێدا خەیاڵ دەگرێتە دەرەوەى خۆىو لەوێدا دەستکارى شتە بچوکەکانى خۆى دەکاتو لەوێدا دنیاى شتە پیرۆزەکان لە دنیاى شتە ئاساییەکان جیادەکاتەوە، لەوێدا بڕیاردەدات کامە ئاینو کامە پەیڕەو کامە موڕاڵ پەیڕوبکات، لەوێدا نەخشەى حیکایەتەکانىو نەخشەى کاریزماکانى دادەڕێژێت، هەر لەوێدا ئارامگەیەکى گەورەى بۆ حیکایەتە بچوکەکانو فەنتازیا لابەلاکان خولقاندووەو بەرەو بێماناییە گەورەکان رەوانەیان دەکات. ئەو هەر لەوێدا لەگەڵ رەعیەتەکانى خۆىدا گەورە دەبێو دەبێت بەحیکایەتێکى دیکەو خەیاڵدانێکى دیکە. بەڵام ئەو هەمیشە خۆى دڵنیادەکاتەوە لەوەى کە دنیاکەى داخستووە یان بە کراوەیى جێهشتووە، ئەو نایەوێت تاکە یەک پەنجەرە چییە بەکراوەیى بهێڵێتەوە، ئەو لە شنەبایەکى هێمن دەترسێ خۆى بکات بە ژووردا، ئەو لە هاوارەکانى دەرەوەى خۆى دەترسێت، ئەو لە ئارەزووە گوناهبارەکانى خۆى دەترسێت، ئەو لە تاکە یەک وشە دەترسێ خۆى بکات بەماڵە داخراوەکەى ئەوداو پەنجەرەکانى روانینى ئەو بشکێنێت، ئەو لەوە تێناگات کە لە دەرەوە حیکایەتەکانى ئەو دەریایەک هەیە یاقوت دەگرێو پڕە لە مرواریى روانینو پڕیشە لە خەمى گەورەو نیگەرانى گەورە.

ئەى گەمژە گوناهى من نییە، تۆ ناتوانیت یاقوت راوبکەیت
گوناهى من نییە تۆ لە جنسى خشۆکەکانیتو من لە رەگەزى تۆفان
من لە جنسى خوداکانمو تۆ لە جنسى مێرولە خوساوەکانى ژێر باران
من سەر بەخێڵى ئەستێرەناسەکانمو، تۆ کرمفرۆشێکى بیمار
تۆ پاسەوانى کەلاوەیت، من ئەندازیارى یۆتۆبیام . (ل51)

لێرەدا رەگەزەکان جیادەبنەوە، ئەم هەناسە شیعرییە لێوانلێوى ئەو قوڵایەیە کە لە بووندا غەرقمان دەکات، ئێمە لەسەرەتاوە غەرقى ئەو ئەنتۆلۆژیایە دەبین کە ئەم تێکستە لە نێوان خەیاڵدانو بەرجەستەکاندا مەودایەکى جیاوازو بەریەککەوتنێکى ناکۆکى دروستکردووە، کە مانایەکى دیکەو واتایەکى دیکە دەبەخشێت بە هەبووەکانو وێنەکانو ئەوانى دیکە، ئەو کە نایەوێت لەگەڵ ئەوى دیکەدا خەیاڵدانێکى تەبا دروستبکات، دەرئەنجام ناتوانێت لە مەودا داخراوەکەى ئەودا خەیاڵگەیەک دروستبکات، لەبەرئەوە بەردوام لەو ناکۆکییەدا دنیاکەى دەبێتە کەلاوەیەکى مەعریفى گەورەو دەبێتە بوونەوەرێکى بچوکى بەرجەستەبووى حیکایەتەکانو کاڵدەبێتەوە. لەبەرئەوە دیاریکردنى رەگەزەکان تەنها دیاریکردنى حیکایەتەکانى ژیان نییە، تەنها پۆلینکردنى مرۆڤ نییە بەپێى ئەنترۆپۆلۆژیاو ئەنتۆلۆژیا، بەڵکە هەڵوەشاندنەوەى ئەو ستراکتۆرەیە کە نەریتەکانى روانین لە ترادسیۆنێکدا پێوانەدەکات. ئەو لەدەرەوەى پێوانەکانو لەدەرەوەى خەیاڵگە داخراوەکان، لەدەرەوەى پێوەرەکان گەمژەییەکانى ناو ئەو ستراکتۆرەو ناو ئەو مەملەکەتە داخراوەى روانین دەشکێنێو ئەو ناوەندە تاریکە کەشف دەکات کە لە پشتەوەى ئەو بەریەککەوتنە نالۆژیکییەوە ئامادەیەو ئێستاکان دەکوژێو زاکیرە زیندوو دەکاتەوە.

سەرۆک ئەمە دنیاى رەشى تۆیە
سەرۆک کێ هەیە نەزانێت کە تۆ یاقوتێکت هەڵگرتووە پڕە لەورشەى خشڵى ئێمە،
تۆ ئاوێکت رشتووە پڕە لە لافاوى دڵى ئێمە، لەو کاتەوەى تۆ دێیتە سەر دەریا، ئاو حەزى لە خۆکوشتنە،
لەو کاتەوەى تۆ دەچیت بۆ تەماشاى کەنار، بەلەم هەوەسى لەخۆخنکاندنە.
ئەمە دونیاى رەشى تۆیە، ئەمەیە قیامەتى خوێنینت، ئەمەیە دابەزینى هەتاهەتایى تۆ
لەشەمەندەفەرى جوانى، سەعاتى دابەشبووى تۆ لەنێوان خۆرو خیانەتدا، ئەمەیە
ئێوارێى شکاوت لەنێوان شەوى سپىو نیوەڕوى قەترانیدا.


کاریزما کە خۆى بە خاوەنى تەواوى ئەنتۆلۆژیاو تەواوى هەبووەکانو تەواوى فەنتازیاکان دەزانێت خاوەنى میتافیزیکایەکو یۆتۆبیایەکى گەورەیە بۆ لێسەندنەوەى ژیانو کەینونە لە بوونەوەرەکانى دیکە، ئەو کە بوونەرێکى گەورەیە لە دەرەوەى بونەوەرە بچوکەکانو کایەو رەمزە بچووکەکان تواناى قوتدانو هەڵمژینى ئەو پانتاییە ژیاریانەى هەیە. ئالێرەوە بوونەوەرەکان داغڵى خولگەیەکى دیکە دەبنو لە مەودایەکى دیکەى ئەنتۆلۆژىدا دەخولێنەوە، ئالێرەدا ئاڕاستەکان دەگۆڕێنو خاڵى بەیەکگەیشتنەکان نامێنێتو هەموو سەرچاوەیەک دەبێت بە بەردەوامبوونو خێرایى، هەموو پانتاییەک دەبێتە خاڵى بەریەکەوتنو جیابوونەوە، هەموو تەباییەک دنیایەک ناکۆکى گەوهەرى لەنێو خۆىدا هەڵدەگەرێو کارئەکتەرو بەرجەستەبووى دژ لەنێو خۆىدا دروستدەکات.
ئەم تێکستە لەتوانایدایە گەمەیەکى گەورە بەزاکیرە بکات، گومانێکى گەورە بەرجەستەبکات بەرامبەر لۆژیکى ماناو مەوداى یەکگرتنەوەى دژەکان لە فەزایەکى گەورەى حیکایەتەکانو یادەوەرىدا. لەتەواى تێکستە ئەدەبییەکانى بەختیاردا هەناسەیەکى نیتشە ئامادەیە، وەک زەردەشت لە گۆشەگیرییەوە، لەخەڵوتگەیەکى مەعریفیی روتەوە، وەک بوونەورێکى باڵاى شەفاف هەواڵى مردنى خوداو فەنتازیایەکى دیکەو ئیرادەیەکى دیکەى دەرەوەى مەودکانو دەرەوەى حیکایەتەکانى پێیەو سەرساممان دەکات، بە واتایەک ئەو تێکستانە وێنە زەینییەکانو وێناندنە کۆنکرێتییەکان وێران دەکاتو خەیاڵگەکان پێچەوانە دەکاتەوەو بەریەککەوتنەکان کاراو کاریگەر دەکات، ئەو نایەوێت لەنێوان دوو پێکهاتەدا هە ست بە تەباییەکى گەورە یان شەڕێکى گەورە بکەى، ئەو دەیەوێت لەدەرەوەى ئەو حیکایەتانە فەزایەکى کراوەتر بۆ روانینەکان دروستبکات، ئەو دەیەوێت لەدەرەوەى زاکیرە مەودایەکى دیکە بۆ فەنتازیاو هزرو وێنەکان دروستبکات، ئەو کار لەسەر شکاندنى موقەدەساتەکان دەکاتو کڵێشەسازییە داخراوەکان لەبەریەک هەڵدەوەشێنێتەوەو ئیرادەیەکى دیکەو فەلسەفەیەکى دیکە دەکاتە سەرچاوەو خەیاڵگەو روانین. لەکاتێکدا رەعیەتێکى گەورەى شاعیرو رۆمانوسو چیروکنوس بە گەورەو بچوکەوە کار لەسەر زاکیرەى مێژوو دەکەنو کار لەسەر یادەوەرییە بەباچووەکانى رابردوو دەکەن، بەڵام ناتوانن لە دەرەوەى ئەو مەودا داخراوەى زاکیرە دەقێکى زیندوو بنوسن، هەرچەندە کەمن ئەو دەقە زیندوانەى کە لە دەرەوە زاکیرەو ئەو مەودا داخراوانەى یادەوەرى کارى جدى دەکەن، بەڵام تەنها ئەو دەقانە دەتوانن زەمەن ببڕن کە لەدەرەوەى زاکیرە مەودایەکى دیکەى روانین دروستدەکەن لە ئێستاداو لە مەوداکانى دیکەى روانیندا لەسەفەردان.
ئەم وتارە هەوڵیکە بۆ شکاندنى ئەو خەیاڵە کۆنکرێتییەى کە پێى وایە قسەکردن لەسەر شیعر دەبێت لەسەر بنەمایەکى هاوکێشەیى یان ماتماتیکى بێت، شیعرە کورتەکانى بەختیار عەلى کە زیاتر بەشێوازى پەخشانئامێز نوسراون خوێنەر فڕێدەداتە گەمیەکى گەوەرەى خەیاڵەوەو غەرقى فەزایەکى کراوەى دەکات کە ناکەوێتە ناو بازنەى یادەوەرىو زاکیرەى گشتەوە، دواجار ئەو قەسیدە کورتانە هێنانە قسەى ئەو نێوەندە داخراوەیە کە ناوى شتە روحییەکانى ئینسانە، واتە هێنانە قسەى ئەو مرۆڤە خەیاڵییەى کە لە ناخى هەموماندا دەژى.
 
 
Bachtyar Ali
Subjects
New Writing
Writing About
Theory Writing
Meeting
Poem
Novel
h Copyright© bachtyar-ali.com. All rights reserved.
Designed by
AKAM EnG
.
h