بۆ پاشکۆی سەروا
چاوپێکەوتنی بەختیار عەلی لەگەڵ گۆران عوسمان و ڕەوشت
محەمەد
|
چاوپێکەوتنی بەختیار عەلی لەگەڵ
گۆران عوسمان و ڕەوشت محەمەد
پرسیاری یەکەم: بەخوێندنەوەی غەزەلنوس گەیشتمە
ئەو بڕوایەی زمانی واقع ناتوانێت هێندەی زمانی خەیاڵ
گەورەیی و چییەتی کارەسات و ڕوداوەکان وەکو خۆیان
کە بوون بگێڕێتەوە، باوەڕناکەم گەر سەدان شایەت حاڵ
باسی ژیانی بارۆنەکانی وڵاتی خۆمم بۆبگێرنەوە، بتوانن
هێندەی ئەو خەیاڵەی لە غەزەلنوسدایە گەورەی کارەساتەکە
پیشانی من بدەن، قسەی ئێوە لەسەر کاریگەری زمانی خەیاڵ
چییە لە بەرانبەر زمانی واقیعدا.
وەڵام: لە بنەڕەتدا زمان هیچ کات کەرەستەیەکی لەبار
نییە بۆ گەیاندنی واقیع. زمان پێویستی بە تێپەڕاندنی
خۆی و تێپەڕاندنی وێنە ئاسایی و سادەکانی دونیا هەیە
بۆئەوەی بتوانێت شتێک لەسەر جیهان بڵێت. واقیع لە
جەوهەردا پێکهاتێکی لەوە ئاڵۆزترە بکرێت لە ڕێگای
وێناکردنی شتەکانەوە وەک خۆیان بگوازرێتەوە. هەتا
بزاوتی واقیعیش لە ئەدەبدا لەسەر دەرکردنی خەیاڵ دروست
نەبووە. لە ئەدەبدا گرنگ نییە چەندە فۆرمی واقیع دەپارێزیت،
بەڵکو ئەوە گرنگە چەندە قووڵ دەڕۆیتە ناوەوە، ئەوە
گرنگ نییە چەند پەیوەندییە سەتحییەکانی وەک خۆی نیگاردەکێشیتەوە،
ئەوە گرنگە چەند نهێنی و ناوەڕۆکە تاریکەکەی دەردەهێنیت...
ئەدەب و هونەر لەسەرەتاوە لەسەر تێکشکاندنی وێنەی
واقیع ئیشدەکەن. مرۆڤ بۆیە دەنوسێت تا شتێک لە واقیع
دەربهێنێت کە بە چاو نابینرێت، ئیشی ئەدەب دووبارەکردنەوەی
ئەو وێنانەی دونیا نییە کە بە چاوی ئاسایی دەیبینین
و بە هەستی سادە هەستی پێدەکەین. هیچ مرۆڤێک لە جێگای
خۆیەوە ناتوانێت هەموو واقیع ببینێت، هەر یەک لە ئێمە
بەشێکی بچوکی واقیعین و بەشێکی بچوکی واقیعیش دەبینین،
ئەدەب کۆمەکمان پێدەکات لەو جوغزەی خۆمان دەرچین...
لە ڕاستیدا من خەیاڵ وەک لەیەکدان و تێکەڵکردنی چەندەها
وێنەی جیاوازی جیاوازی واقیع تەماشادەکەم کە دواجار
وێنەیەکی دونیامان دەدەنێ کە لە هیچ یەک لەوێنەکانی
پێشوو ناچێت. ئێمە هەر یەکەمان لە ڕوانگەی خۆمانەوە
واقیع دەبینین، کەسیشمان ناتوانین لە دۆخی ئاساییدا
لەو بۆتەقە تایبەتییەی خۆمان دەرچین، ئەوە خەیاڵە
وادەکات وێنە جیاواز و تێگەیشتنە جیاوازەکانی ئێمە
بۆ واقیع لە وێنەیەکی هاوبەشدا کۆببێتەوە، خەیاڵ دەبێتە
پرد لە نێوان وێنەی تۆ بۆ واقیع و وێنەی من و وێنەی
ئەوانی دیکەدا. خەیاڵ تەکاندنی واقیعە لە شتە سەتحییەکانی
و خۆبەستنەوەیە بە جەوهەری واقیعەوە. هەر بۆیە هەمیشە
دەگووترێت خەیاڵ باشتر لە حەقیقەت وێنەی دونیامان
نیشاندەداتەوە، چونکە تەنیا خەیاڵ دەتوانێت ئەوەی
هاوبەش و جەوهەرییە لە نێوان هەمووماندا لە وێنەیەکی
کۆنکرێت و بەرجەستەدا کۆبکاتەوە.
پرسیار: باسی ئەو ئەرکە گەورەیەم بۆبکە، ئەرکی
خۆ تێپەڕاندن، لە داهێنانێکەوە بۆ داهێنانێکی تر،
لە دەقێکەوە بۆ دەقێکی تر، بەختیار بیر لەوەدەکاتەوە
کە لە یەکێکیتر جوانتر بنوسێت ، یان بیر لەوە دەکاتەوە
لە بەختیار خۆی جوانتر بنوسێت؟
وەڵام: وەک زۆرجاری تر گووتوومە باوەڕم بە زاراوەی
تەجاوز یان تێپەڕاندن نییە، شتی جوان هەرگیز تێناپەڕێنرێت.
هەمیشە لێرەیە و لێرە دەبێت. مرۆڤ تەنیا ئەوەی بۆدەکرێت
لە تێکستێکەوە بۆ تێکستێکی دی خیانەت لە جوانی نەکات.
جوانی شتێک نییە پێوەری ڕەها و وردی هەبێت، هەموو
دەزانین تێکستەکانی شکسپیر جوانن و تێکستەکانی تۆلستۆی
جوانن و تێکستەکانی والت ویتمان و سان جۆن پێرسیش
جوانن، هیچ پێوەرێک نییە پێمانبڵێت کام تێکست لەمانە
جوانترن. جوانی هەمیشە دەتوانێت هاوشانی جوانی بوەستێتەوە،
تێکستی گەورە دەتوانێت لەبەرابەر تێکستی گەورەدا بوەستێتەوە
و بڵێت منیش وەک تۆ جوانم. بەداخەوە ئەدیبی گەورە
ناتوانێت تەجاوەزی ئەدیبی گەورە بکات، هێند هەیە جۆرە
جوانییەکی جیاواز بەرهەمدەهێنێتەوە. نهێنی سەرکەوتنی
هونەرمەند بەسەر خۆیدا لە جیاوازیدایە لەگەڵ خۆیدا.
من هەوڵدەدەم بەردەوام چیرۆکی جوانتر بدۆزمەوە، شێوەی
ئیشکردنم بگۆڕم، پاڵەوانی نوێتر و نەبینراوتر دروستبکەم
کە خوێنەر بتوانێت هەم تێیانبگات و هەم هەست بە نزیکی
بکات لەگەڵیاندا، نەهێڵم یەک شێوە داڕشتن تەواوی تێکستەکانم
داپۆشێت، فەزای جیاجیا بخولقێنم، لە گۆشەنیگای جیاوازەوە
تەماشای دونیابکەم. بتوانم لەسەر هەموو جۆرە ڕووبەرێک
ئیشبکەم، هەم رووبەری گەورە و هەم بچوک. هەوڵدەدەم
ڕۆمان بخولقێنم چەندین کاراکتەر ئازادانە تێیدا بجوڵێنەوە،
ڕۆمانیش بخولقێنم کە لەدەوری ژیانی کاراکتەرێک یان
دووان دەسوڕێتەوە. ئیشی ڕۆماننوسی باش لە ئیشی نەقاش
و نیگارکێشە کۆنەکان دەچێت، دەبێت هەم بتوانێت لە
سەر ڕووبەری بەرین ئیشبکات و لە هەموو پنتێکی ناو
ئەو ڕووبەرەشدا توانای وردەکاری هەبێت. هەم چاوێکی
پانورامایی هەبێت، هەم دەستێکیش کە وەک میناتۆرسازەکان
وردەکار بێت. بەڵام لە هەر شت گرنگتر ئەوەیە بزانێت
چ شتێک بەوردی، چ ڕوداوێک، چ وێنەیەک، چ کاراکتەرێک
تەعبیر لە ناخی کۆمەڵگا یان لەو خواستە فەلسەفییەی
ئەو دەکات. ئەمەیان مرۆڤ لە هیچ قوتابخانەیەک فێرنابێت،
بەڵکو دەرەنجامی کیمیایەکی تایبەتییە، دەرەنجامی تێکەڵبوونێکی
هارمۆنی ئەزمونی ژیان و ئەزمونی نوسین و ئەزمونی خوێندنەوەیە
لەگەڵ یەکدا.
پرسیار: هەمیشە ڕەنگێک یان زیاتر لە ڕەنگێکی
ئەفسانەیی دەدەیتە کاراکتەرەکانت، چییە ئەفسانە هێندە
جوان زەفەری بەخەیاڵی تۆ بردوە؟
وەڵام: سەرەتا زۆر سوپاس بۆ ستایشەکەت. من بەش بە
حاڵی خۆم ڕۆمانوسێک نابینم ئەفسانەساز نەبێت. واقعیبوونی
سەد دەر سەد لە ئەدەبدا مومکین نییە، لە فلیمی کارتۆنی
منداڵانەوە بیگرە تا دەگاتە شاکارە سینەمایی و ئەدەبییەکانیش
هیچیان بەبێ خیانەتکردن لە واقیع دروست ناکرێن. هیچ
شتێک وەک واقیعییەت بە مانا حەرفییەکەی ئەدەب و هونەر
ناکوژێت، خۆشبەختانە لە مێژە ئەدەب و هونەر دەستبەرداری
خورافەت و درۆی ئەوجۆرە لە واقیعییەت بوون. ئەمڕۆ
تەنیا خەڵکی نەخوێندەوار و بێئاگا لە ئەدەب و هونەر
داوای واقعییەتی حەرفی دەکەن. بەڵام بە بڕوای من گرنگ
ئەوەیە جۆرێک لە ئەفسانە یان ناواقعییەت دروستبکەیت
کە خوێنەر هەست نەکات ئەمە پردی لەگەڵ هەقیقەت یان
دونیادا نییە. ئەفسانەی ڕاستەقینە هەمیشە شتێکە وامان
لێدەکات لە واقیعدا بەدوایدا بگەڕێین، ئەو هەستەمان
دەداتێ کە شتێکە هەبووە و ئێمە نەمانبینیوە. ئەگەر
ورد تەماشابکەیت، واقیع لە جەوهەریدا تەنێکی یەکگرتوو
یان وێنەیەکی بێ درز و دەلاقە نییە، واقیعی ڕۆژانەی
ژیانی خۆمان پرە لە چاڵ و پرسیار و دوودڵی پڕنەکراوە،
پڕە لەدرز کە ئەفسانە یاخود خەیاڵ پڕیاندەکاتەوە.
ئەفسانە بەبڕوای من هەوڵی گەورەی مرۆڤە بۆ پڕکردنەوەی
ئەو چاڵە گەورە و قووڵەی کە دەکەوێتە نێوان واقیع
و هەقیقەتەوە. ساتێکی گەورە لە ژیانی هەمووماندا هەیە،
ئەویش ئەو ساتەیە کە تێدەگەین واقیعی چواردەورمان
شتی زۆر گرنگ و گەورەی کەمە، دیمەنی ون و قسەی نەگووتراو
و حیکایەتی نەبینراوی زۆری تێدایە، لە بنەوەڕا نهێنی
گەورە و درزی گەورە لە جەستەی دونیادا هەیە کە بە
وەسفی واقیع خۆی پڕناکرێتەوە. ئێمە کەسمان هاوکێشە
ماتماتیکییەکان بەچاو نابینین. کەسمان یاسا فیزیکییەکان
کە لە ناو سروشتدایە بە هەستی سادە و سەرەتایی دەرک
پێناکەین، ئیشی ئەدەب و زانست لێرەدا زۆر لە یەکتری
دوورنین، ئیشی زانستێکی وەک فیزییک یان کیمیک دۆزینەوەی
ئەوەیە کە لەسروشتدا نوسراوە. لای من ماتماتیک بە
هەمان ئەندازەی ئەدەب ناواقیعییە، بەڵام کەسمان لەو
ناواقعییەتە ناپرسین. ئیشی ئەدەب لەسەر مرۆڤ و کۆمەڵگا
وەک هەمان ئیشی ماتماتیک وایە لەسەر سروشت: واتە دەرخستنی
ئەوەیە کە لە واقیعدا خۆ بەخۆ دەرناکەوێت. ئەفسانەش
هەمان شت دەرخستنی ئەوەیە کە لەواقیعدا خۆ بە خۆ دەرناکەوێت...
ئیشی ئێمە وەک نوسەر ئەوەیە کە لەسەر ئەو بێدەنگی
و کپییە ئیشبکەین کە دونیای تەنیوە. ئێمە بەرامبەر
بە جیهانێک وەستاوین کە قسە ناکات، وەک نوسەر وەزیفەی
منە ئەو دونیا بێدەنگە بە کەرەستەکانی خۆم بهێنمە
قسە... هەوڵیشدەدەم ئەوە بکەم.
پرسیار: بۆ منی خوێنەر قورسە لە نێوان ڕۆمانەکانتدا
بڕیاری ئەوەبدەم کامیان گرنگترە، ئەی بۆتۆی نووسەر،
ئەگەر یەکێکیان بۆچی؟
وەڵام: یەکێک لە هەرە تراژیدیا گەورەکانی مرۆڤ ئەوەیە
کە یەکجار دەژی... هەموو بوونەوەرەکانی دونیا گەر
دەرفەتیان لە بەردەستدا بێت، زیاد لە جارێک دەژین.
ڕۆماننوسەکان پتر لە هەر کەسێکی دی، خولیای ئەوەیان
هەیە کە ژیانی ئەوانی تر بژین. ڕستەیەکی بە ناوبانگی
فلۆپێر هەیە کە هەموو دەیزانین دەڵێت «مادام بۆڤاری،
منم». ئەم ڕستەیە زۆر گرنگە بۆئەوەی لە کۆی پرۆسەی
ڕۆماننوسین تێبگەین. ڕۆماننوس بوونەوەرێکە لە ناکاو
مەحکومە لە بری ژیانی خۆی ژیانی ئەوانی تر بژی. بەدرێژایی
ئەو ماوەیەی کۆشکی باڵندە غەمگینەکانم دەنوسی، هەستمکرد
هێندەی وەک سەوسەن فیکرەت بیردەکەمەوە و دەژیم، ناتوانم
وەکو خۆم بژیم. بۆ ڕۆماننوس هەموو ڕۆمانێک جۆرە پرۆسەیەکی
دۆنادۆن «تناسخ» ـە، تێکەڵبوونە بە ڕۆح و ژیانی کۆمەڵێک
بوونەوەری تر. تا ئەزموونی ڕۆماننوس گەورەتر و تێکستەکانی
پڕ کاراکتەرتر بن ئەم ئەزموونە چڕتر دەبێت و رۆماننوس
پتر لە ناو ڕێوێڵکە و ونڕێگا «متاهة»ی ئەوانی دیدا
وندەبێت. دواجار ڕۆماننوس کەسێکە ژیانی راستەقینەی
خۆی ناژی، بۆیە هەمیشە لەدەرەوەی ڕۆمان پێویستیمان
بە چالاکییەکی تر و ژیانی تر هەیە، ڕۆمانەکانمان لە
بیربەرێتەوە. گەڕانەوەی بەردەوامی من بۆ نوسین لەدەرەوەی
ڕۆمان هەوڵە بۆئەوەی هیچ ڕۆمانێک هیچ کاراکتەرێک بەتەواوی
داگیرم نەکات... لە ڕاستیدا هیچ پاڵەوانێک لە ناخی
نوسەردا بەتەواوی نامرێت، دوای تەواوبوونی ڕۆمانەکە
هەمیشە جار ناجار لە ناختدا سەرهەڵدداتەوە و دەگەڕێتەوە،
بۆئەوەی بتوانین بنوسین و بەردەوام بین دەبێت زوو
بێدەنگیان بکەین... هەموو تێکستێک شتێک لە ڕۆحماندا
سەوزدەکات کە دواتر بەتەواوی دەرنایەت. گەر نوسەر
شاندابداتە سەر گرنگی تێکستێک وەکو ئەوە وایە ڕۆحی
خۆی تەسلیمی یەک پاڵەوان یان یەک دۆخ بکات. بۆیە زەحمەتە
نوسەر کاری وابکات یان هەڵەیە کاری وابکات. دەشێت
پاڵەوان هەبێت لەوانی دی زیاتر لە منەوە نزیکتربن،
بەڵام گرنگترنین ... نا ... بەردەوام هەوڵدەدەم بە
یەک فاسیلە و بە یەک مەودا لە هەموو پاڵەوانەکانەوە
دووربم. وەک خوێنەر دواهەمین هەنارم لە ڕۆمانەکانی
ترم زیاتر حەز لێیە. وەک خوێنەر دەتوانم سەد جار دواهەمین
هەنار بخوێنمەوە بێئەوەی لێیبێزاربم ... بەڵام ئەوە
ئیحساسمە وەک خوێنەر، کاتێک دوورییەکی بابەتی وەردەگرم
و تەنیا وەک خوێنەر بیردەکەمەوە، بەڵام وەک نوسەر
هەموو تێکستەکان تا ئێستا بەردەوام لە ناومدا دەژین.
پرسیار: لەسەروەختی بڵاوبوونەوەی کۆشکی باڵندە
غەمگینەکاندا دەتگوت ئەم کارە بۆ پشودانە بە خوێنەران،
بەڵام بمبورە کە ڕۆمانەکەم خوێندەوە واتێگەیشتم ئەم
کارە زیاتر بۆ پشودان بووە بە خۆتان، ئایا لە مەدا
لەسەر هەقم؟
وەڵام: ڕۆماننوسین سەنعەتێکی قورسە، یەکێکە لەقورسترین
ئیشەکانی دونیا. من وەک نوسەر حەزدەکەم لە ڕوبەری
جیاواز جیاوازدا ئیشبکەم، شێوەزمانی جیا بەکاربهێنم،
پاڵەوانەکانم شوێنگەی جیاواز جیاواز لە دونیا داگیربکەن.
لە شاری مۆسیقارەکان و غەزەلنوسدا من دوو پانتایی
زۆر گەورەم گرتبوو. دوو ڕوبەری ئیشکردنی زۆر فراوان،
کۆنترۆڵکردنی ئەو ڕوبەرە بەدیوێکدا زۆر سەختە، لێرەدا
نوسەر بەڕاستی وەک یاریکەرێکی سێرک وایە کە لە یەک
کاتدا دە تۆپ هەڵدەدات بۆ ئاسمان و نابێت بهێڵێت هیچیشیان
لەدەستی بکەونە خوارەوە... بەڵام کەدەستت راهات بە
دە تۆپ یاریبکەیت دواتر بتوانیت بگەڕێیتەوە بە دوو
یان سێ تۆپ گەمەکە بکەیت دیسانەوە ئاسان نییە. لە
ڕاستیدا دەرچوون لەو فەزا و پانتاییە فراوانە بۆ من
کارێکی ئاسان نەبوو. بۆ من نوسینی تێکستی کورت سەختترە،
دوا ئەزموونم کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەچێتە چاپخانە
نۆڤلێتی «جەمشید خانی مامم کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا
دەیبرد»، نۆڤلێتێکی کورتە لە گەرمەی نوسینی کارێکی
گەورەدا وەستام و نوسیم. کێشەی ئەم پانتاییە بچوکانە
لەوەدایە نوسەر مەحکومە لە ڕوبەرێکی بچوکدا شتێکی
جوان دروستبکات، شتێک وەک دەنکێک مرواری... دروستکردنی
دەنکێک مرواری هەرگیز لە دروستکردنی کۆشکێک ئاسانتر
نییە. نەحتکردنی نیگاری دەموچاوێک لەسەر بەردێکی زۆر
بچوک بە هەمان ئەندازەی نەحتکردنی پەیکەرێکی گەورە
قورسە. دیارە خوێنەران دەتوانن خێراتر تێکستی بچوک
بیخوێننەوە و کەمتر بەدەستییەوە ماندووببن، بەڵام
نوسەر نا... دوائەوە دەکەوێتە سەر چۆنێتی فەزا و کاراکتەرەکانیش.
لە دوا ئیشمدا «جەمشید خان» هەوڵمداوە کە ژیاننامەی
مرۆڤی کورد، ژیاننامەی هەموومان لە ڕێگای کاراکتەرێکی
سریالی و ئەفسانەییەوە کورتبکەمەوە. کە دواجار لە
نوسینی ڕۆمانەکە بوومەوە ئەو هەستەم هەبوو کە هەموومان
جەمشید خانین و هەموومان زۆربەی کات ژیانمان با دەیبات
و مەحکومین بە سڕانەوە و دووبارە نوسینەوەی یادەوەری
خۆمان. ئەوە بۆ من تەحەدایەکی گەورەبوو، بتوانم کاراکتەرێک
دروستبکەم یان چیرۆکێک بخولقێنم هەم تەعبیر لە من
و نەوەی من بکات و هەم بۆ خۆشی چیرۆکێکی سەربەخۆ بێت،
بۆ من ئاسانتر بوو جەمشید خان بە چوارسەد لاپەڕە بنوسم،
بەڵام ئەوەی بتوانیت لەسەد لاپەڕەشدا تێکستی سەرکەوتوو
دروستبکەیت ئاسان نییە... لایەنی کەم بۆ من زۆر سەختە.
من ئەمجۆرە تێکستە بچوکانە هەمیشە وەک دەنکێک مرواری
سەیردەکەم و وەک ڕۆماننوس کارێکی سەختە، زۆر سەختە
بتوانیت دەنکێک مرواری دروستبکەیت... دیارە ئیدیعای
ئەوە ناکەم کە کردومە، ئەو حوکمە لای خوێنەران و لای
زەمەنە و لای من نییە، بەڵام ئەوە ناوەڕۆکی هەوڵەکەمە.
ئەگەر بەچاوی خوێنەر سەیربکەیت وادەبینیت کە ئەمە
تێکستێکی کورتترە و دەبێت ئاسانتر بێت، بەڵام لە ڕاستیدا
وانییە... نا... ئەوەی لەم دۆخەدا زۆر ماندوو نابێت،
خوێنەری ئاسایی ڕۆمانە نەوەک نوسەر.
پرسیار: ئایا بەختیار وەختێک دەنووسێت تا
چەند بیر لە خوێنەرەکانی دەکاتەوە، سەروەختی نوسین
هیچ شتێک ئامادەیە بە ناوی خوێنەر؟
وەڵام: باشترین خزمەت نوسەرێک پێشکەش بە
خوێنەرانی بکات ئەوەیە بیریان لێ نەکاتەوە، لەبری
ئەوە دەبێت بیر لە تێکستەکەی بکاتەوە، بیر لە فراوانکردنی
مەودای ڕوانین و جیهانبینی خۆی بکاتەوە. نوسەر ئەوکات
خزمەت بە خوێنەر دەکات کە خزمەت بە ڕۆشنبیری و داهێنانی
خۆی بکات... نوسەری راستەقینە بیر لە خۆی دەکاتەوە،
نەوەک لە خوێنەر، چونکە تەنیا بەو ڕێگایەوە دەتوانێت
خزمەتی خوێنەر بکات... گەر من بیر لە پەروەردەکردنی
زیاتر و زیاتری خۆم نەکەمەوە، دواجار ئەستەمە شتێک
بدەمە خوێنەر شایستەی خوێندنەوە بێت. خوێنەر ناتوانێت
ئەوە بۆ نوسەر دیاریبکات چی دەنوسێت و بیر لە چی دەکاتەوە،
بە پێچەوانەوە ئەوە نوسەرە بەو کارە هەڵدەستێت و بابەتی
خوێندنەوە و بیرکردنەوە بۆ خوێنەر دەستنیشاندەکات.
لەبەرئەوە وەزیفە ئەخلاقییەکەی سەختتر و گەورەترە.
لای من بیرکردنەوە لە خوێنەر، لە سنووری بیرکردنەوە
لە مرۆڤ و لە ژیاندا دەردەکەوێتەوە، وەک لەوەوبەر
لە چاوپێکەوتنێکی دیکەشدا گووتوومە «بیرکردنەوە لە
مرۆڤ و کۆمەڵگا» بە ڕێگایەک لە ڕێگاکان بیرکردنەوەشە
لە خوێنەر.
پرسیار: لە ڕوانگەی ئەو نوسینانەی لەسەر بەرهەمەکانتان
نوسراون، دەپرسم: ڕەخنەگرانی کورد دەتوانن دیوە پەنهانەکانی
دەق بۆ خوێنەران ئاشکرابکەن، بە نیسبەت دەقەکانی تۆوە
ڕەخنەگران ئەو کارەیان بەجێ گەیاندەوە.
وەڵام: ڕەخنە کۆمەڵێک تێبینی و سەرەنج و
ئینتیباعاتی سەرپێی نییە، ڕەخنە زانستێکی قووڵە کە
پەیوەندی بە فەلسەفە و دەرونناسی و کۆمەڵناسی و چەندین
لقە زانستی ترەوە هەیە. گەشەی ڕەخنە بەبڕوای من گرێدراوی
گەشەی بیرکردنەوەی فەلسەفی و زانستییە لە کۆمەڵگادا.
واتە گەشەی ئەدەب ئۆتۆماتیکی مانای گەشەی رەخنەی ئەدەبیش
نییە. ئەدەبی کوردی بەدرێژایی مێژوو زۆر زۆر لە پێش
ڕەخنەوە بووە، ڕەخنەی ئێمە نەوەک لەسەردەمی کۆندا،
بەڵکو بە ئێستاشەوە هێشتا تێکستێکی بەرهەم نەهێناوە
لە ئاستی خوێندنەوەی نالی یان گۆراندا بێت، لەبەرئەوەی
گەشەی ڕەخنە پابەندی گەشەی کولتووری بیرکردنەوەی فەلسەفی
و ئەبستراکتە. ڕەخنەگر لەپاڵ شارەزاییەکی بێئەندازە
گەورە لەو بوارەدا کە ڕەخنەی تێدادەکات، پێویستی بە
شارەزاییەکی ئەدەبی و دەرونناسی و لانگویستیکی گەورە
هەیە... نەبوونی ئەم پاشخانە گەورەیە وایکردوە ڕەخنەی
کوردی بە گشتی لاواز بێت، یاخود هەر نەبێت. دیارە
لێرەدا من قسە لە هەندێک هەوڵ ناکەم کە تێیدا نوسەرێک
تێکستێک دەخوێنێتەوە و کۆمەڵێک سەرەنج و دەستنیشانکردن
دەکات کە دەشێت شتی زۆر جوانیشی تێدا بێت، ئێمە ئەمجۆرە
نوسینانەمان هەیە، زۆجار تێبینی و سەرەنجی زۆر ورد
لە خۆدەگرن، بەڵام هیچ یەک لەم هەوڵانە بە تەنیا بەشی
ئەوە ناکەن مرۆڤ قسە لە پڕۆژەیەکی ڕەخنەیی ڕاستەقینە
بکات. ڕەخنەگری ڕاستەقینە کەسێکە کە دەستکەوتی کۆی
کایە فیکری و فەلسەفییەکان دەخاتە خزمەت نزیکبوونەوە
لە تێکستەوە ... ئێمە لە رۆشنبیری کوردیدا ئەوەمان
نییە. نوسەر و خوێنەری کورد تا ئەندازەیەکی زۆر بەتەنیان،
دەبێت دوو بە دوو لەگەڵ یەکدا ئیشبکەن و لەیەکدی تێبگەن.
زۆر نوسینی جوان لەسەر ئەم تێکست یان ئەو تێکست دەخوێنینەوە
کە زادەی هەناسەی خوێنەرە نەوەک هەناسەی رەخنەگر،
یان زۆرجار زادەی هەناسەی نوسەرێکە کە تێکستێکی دیکەی
خۆشدەوێت یان دەربارەی سەرەنجی لەلادروستدەبێت...
ئەم تێکستانە شتی زۆر وردیان تێدایە، بەڵام ڕەخنە
نین. ڕوبەری گەورەی نوسین لەسەر تێکست لای ئێمە یان
خوێنەران یان نوسەران دەینوسن، نەوەک ڕەخنەگران. لە
حەفتا و هەشتاکانی سەدەی پێشوودا هەندێک هەوڵی ڕەخنەیی
جیدی دران، بەڵام دواتر ئەم گەشەیە وەستاو بەردەوام
نەبوو. بە پێچەوانەوە ئەوەی لای ئێمە پێیدەڵێن ڕەخنە
زۆرجار هەوڵێکی گەورەیە بۆ تێکدانی پەیوەندی نێوان
نوسەر و خوێنەر و شێواندنی ئەو پەیوەندییە... بەڵام
خۆشبەختانە ڕەخنەی کوردی لەوە لاوازتر بتوانێت ئەوەش
بکات.
پرسیار: ئێوە کە ئەدەبی دونیاتان دیوە و خوێندنەوەتان
هەیە، ئێستا ئەدەبی کوردی بای ئەوە لەسەر قەزیە ئینسانییەکان
وەستاوە، کە ببێتە مەسەلە لای خوێنەری نەتەوەکانی
تر، ئەدەبی ئێمە بەشی خوێنەرانی غەیرە کورد، ستاتیکا
و بابەتی هەڵگرتووە؟
وەڵام: گومان لەوەدا نییە کە لە ئەدەبی کوردیدا
تێکستی جوان هەیە کە شایستەی وەرگێڕان و ناساندنن
بەدونیای دەرەوە، چ لە شیعر و چ لە کورتەچیرۆک و چ
رۆماندا. کێشەکە کێشەی تێکست نییە، بەڵکو کێشەی وەرگێڕانە.
ئێمە وەرگێڕمان نییە، وە ئەو دەزگا و هەیئەتە پێویستانەمان
نییە کە کاری ئەم ناساندنە بخاتە ئەستۆی خۆی. بڵاوکردنەوەی
کتێبێک لە خۆرئاوا تەواو جیاوازە لە بڵاوکردنەوەی
کتێبێک لە خۆرهەڵات... هەم یاساکان و هەم هەلومەرجەکانی
جیاوازە. تۆ ناتوانیت کتێبێک بگریت بەدەستەوە و بیبەیت
بۆ بنکەیەکی بڵاوکردنەوە و بڵێیت بەڕێزان ئەم کتێبەم
بۆ چاپبکەن... ئیشکردن بۆ کولتووری کوردی لەدەرەوە
ڕیزێک میکانیزمی گرنگی دەوێت کە ئێمەی کورد هێشتا
نایزانین و فێری نەبووین و ناشمانەوێت فێریببین. ڕۆشنبیری
کورد لە ناوەوەی خۆیدا ڕۆشنبیرییەکی نەخۆشە، ئەمە
ڕێگرە گەورەکەیەتی ... داهێنەرە مردوەکانمان لە بەرئەوەی
مردون کەس نییە غەمیان بخوات و بیەوێت بەدەرەوەیان
بناسێنێت. داهێنەرە زیندووەکانیشمان ئەوەندەی دوژمنایەتیدەکرێن
کەس دەستیان ناگرێت. دوائەوە کاری ناساندنی ئەدەب
لەویادا تەواو نابێت کە کتێبێک وەربگێڕیت، بەپێچەوانەوە
گرفتەکان لەوێوە دەستپێدەکەن، زۆرجار بۆ کاری پێداچوونەوە
و کۆککردنی ئەو وەرگێڕانە لە شێوەیەکی پرۆفیشناڵدا
بە جۆرێک بە کەڵکی ئەوە بێت بیدەیت بە بنکەیەکی بڵاوکردنەوە،
پارەیەکی وەها زۆرت دەوێت کە لە توانای نوسەر یان
وەرگێڕی کورددا نییە دابینیبکات. لە خۆرئاوا کەس دانانیشێت
بە پیاوەتی بەسەر زمان و داڕشتنی کتێبێک یان وەرگێڕانێکدا
بچێتەوە، دەزگا هەیە ئیشیان ئەوەیە و بەرابەر بەوە
پارەی زۆریان دەوێت... بە کورتی کێشەی نەناسینی ئەدەبی
کوردی نە لە دوور و نە لە نزیک پەیوەندی بەوەوە نییە
کە تێکستی جوانمان نییە ... نا، بەپێچەوانەوە ...
کێشەکە لە هەندێک جومگە و جێگای دیکەدایە کە دەبێت
ئیشیان لەسەر بکرێت.
پرسیار: لە نێو ئەدەبی کوردیدا بەتایبەت شیعر
و ڕۆمان، بیرکردنەوە لە کۆی ژیان ئامادەیی هەیە، مەبەستم
بیرکردنەوەی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریش،کورد
توانیوێتی لە ڕێگای ئەدەبەوە بیر لە ژیان بکاتەوە
بە ڕەنگاوڕەنگییەکەی خۆی؟
وەڵام: ئەدەبی کوردی بە ڕووبەر ئەدەبیاتێکی بچوکە
و بەتەمەنیش ئەدەبیاتێکی نوێیە. گەر بەراوردی ئەدەبیاتی
نوسراوی خۆمان بە عەرەب و فارس و تورک و میللەتانی
تریش بکەین ، ئێمە تادەگەینە سەر سەدەی بیست جگە لە
چەند دیوانە شیعرێک خاوەنی هیچی تر نین. لای ئێمە
تەمەنی ڕاستەقینەی ڕۆمان لە سی ساڵ تێناپەڕێت. تەمەنی
کورتە چیرۆک لە سەدەیەک کەمترە. زەحمەتە لەم دۆخەدا
باس لەوەبکەین ئەدەب توانیوێتی ئەو ئەرکانە جێبەجێبکات
و ئەو پەیامە زۆرانە هەڵبگرێت کە بەڕێزتان ئاماژەتان
پێدان. لەسەدەی بیستدا دۆخەکە گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا
دێت، کوردبوون وەک جۆرە هوشیارییەکی ڕاستەقینە و وەک
شێوە شوناسێکی جیاکارەوە و وەک پرسێکی سیاسی وفەلسەفی
و ئەخلاقی لەم سەدەیەدا لەدایکدەبێت. ئەدەبیاتی کلاسیکی
ئێمە لە ناو بۆتەی جۆرە جیهانبینییەکی جیاوازدا لەدایکبووە
کە تێیدا ئەو جۆرە نیگاکردنە بۆ ئەدەب ئامادەنەبووە،
ئەدەب لەو دەمەدا پتر کەرەستەیەکی ستاتیکی بووە کە
بۆ تەعبیر لە هەستی دینی و عاتیفی بەکارهاتووە. ئەوەی
ئەدەب ببێتە هەڵگری پەیامی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەلسەفی
لەسەدەی بیستدا دێتە مەیدان. لە سەدەی بیستدا ئەدەبیاتی
ئێمە بەجۆرێک بە سیاسەت و ئایدۆلۆژیا بارگاوی دەبێت،
ئیتر ناچارین دواتر هەوڵبدەین سنوورێک بۆ ئەو بارگاویی
بوونە دابنێین و نەهێڵین ڕۆحی ستاتیکی ناو ئەم ئەدەبیاتە
بکوژرێت. هەڵبەت ئەم بارگاوی بوونە زۆرجار هەندێک
ڕووی واقیعی دەرخستووە و زۆرجاریش وایکردوە هەندێک
ڕووی تری ونببێت و بشاردرێتەوە. بە کورتی واقیع پێکهاتێکی
ئاڵۆزە ئەدەبی ئێمە لەسەدەی بیستدا و لە چوارچێوەی
ئەو جیهانبینییە ناسیونالیستی و مارکسییەی کە دیلیکردوە
هەندێک ڕوکاری واقیعی دەرخستۆتەوە، بەڵام هەر بە حوکمی
ئەو چوارچێوەیەش زۆر ڕوکاری تری نەبینیوە. ئەدەبی
کوردی لەدوای ڕاپەڕینەوە گەشەیەکی لەسەرەخۆ و خاو
بەڵام هێمنی کردوە، ئەزموونی نوسەرانی ئێمە لەدوای
ڕاپەرینەوە لەگەڵ ژانرە جیاوازەکاندا خەریکە گەورەتر
و گەورەتر دەبێت... جیهانبینی بڕێک لە نوسەرانی ئێمە
لە زۆر جەبری سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورە پاکبۆتەوە...
بەڵام بۆئەوەی تێکستی وەهامان هەبێت بتوانێت هەم هەڵگری
ڕوانینێکی قووڵ بێت بۆ بوون و هەم خاوەنی چاوێکی پانورامایی
بێت بۆ بینینی ژیان، ئەوا چەند نوسەرێک «کە منیش خۆم
لە نێویاندا دەبینمەوە» هەوڵمانداوە ئەوە بکەین، هەوڵمانداوە
ڕوبەری ئەدەبیاتی خۆمان گەورەتر و گەورەتر بکەین،
وابکەین ئەدیبی کورد لەسەر فەزای نوێ و پرسیاری نوێ
و گرفتی نوێ ئیشبکات، بەڵام سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە
بە بەردەوامی و بەبوونی هوشیارییەکی ڕەخنەییەوە گرێدەدرێت
کە هەست بەو گۆڕانکاریانە بکات... هیچ گۆڕانکارییەک
نابێت بە گۆڕانکاری ڕاستەقینە تا یەکێک بە ڕاستی هەستی
پێ نەکات. لە خۆرئاوا هەستکردن بە گۆڕانکاری زۆر ورد
و کاریگەر و چالاکە، بەڵام ئێمە لە بەرئەوەی ڕەخنەمان
نییە و ڕەخنەی ئێمە پتر خەریکی موهاتەراتە نەوەک خەریکی
خوێندنەوەی زانستی و مەنهەجی بێت، تا ئێستا نازانین
کە لە مەحوییەوە دێینە سەر گۆران چی گۆڕاوە و بۆ گۆڕاوە
و مانای ئەو گۆڕانە چییە، کە لە گۆرانەوە دێینە سەر
شێرکۆ چی گۆڕاوە و بۆ گۆڕاوە... لە خۆرئاوا کە گوگان
جارێک نیگاری سەگێکی پرتەقاڵی دەکێشێت ئەم وێنەیە
دەتوانێت بزاوتێکی گۆڕانکاری قووڵ لە کۆی جیهانبینی
ئەوروپیدا دروستبکات... کێشەکە ئەوە نییە کە ئێمە
لە ناو تێکستەکاندا هیچمان هەیە یاخود نیمانە... کێشەکە
ئەوەیە شتێک نییە ناوی ڕەخنە بێت کە لە ناوەوە ئەم
پرۆسەی بوون و نەبوونە بخوێنێتەوە. من خۆم زۆر غەمگین
دەبم کە دەبینم تێکستی زۆرجوان لەم چەند ساڵەدا نوسراوە
کە بەبێدەنگی دێن و دەڕۆن و کەس قسەیان لەسەر ناکات
و لە ناوەوە ناخوێنرێنەوە و مانای بوونیان دەستنیشان
ناکرێت. ئەدەب یان ڕۆمان یان شیعر خۆیان نایەن بە
کەس بڵێن من ئەم مانایەم هەڵگرتووە، دەبێت خوێندنەوەی
ڕەخنەیی گەورە ئەو کارەبکات... لەبەرئەوەی ئێمەش ڕەخنەمان
نییە، هەر چییەکمان هەیە دەبێت بە ژێرەوە و دەڕوات
و بێدەنگ تێدەپەڕێت. کارەساتەکە لای ئێمە لە ئەدەبدا
نییە، بەڵکو لە ڕەخنە و لە هوشیاری کۆمەڵایەتی و لە
دەزگا ئەکادیمییەکانمدایە... هەڵبەت ئەدەبیاتی نوێی
ئێمە زۆر ڕەهەندی ژیانی ئێمە پیشاندەداتەوە، بەڵام
دەبێت یەکێک هەبێت چاوی هەبێت و بیبینێت، چاویش لە
ئەدەبیاتدا ناوێکی هەیە کە «خوێندنەوەی مەنهەجی» و
«هوشیاریی ڕەخنەیی» و «شیکردنەوەی بونیادی و لانگویستیکییە»...
کە ئەمانە نەبوو، کەس ناتوانێت بزانێت کتێبێک بە ڕاستی
چی لە خۆی گرتووە./td> |
| |