| هەموو شتەکان لە بیرکردنەوە لە مانای ئازادییەوە دێنەدەرێ. لەهەر جێگایەکدا بیرکردنەوە لە مانای ئازادی نەبوو، هیچی گرنگی دیکەش نییە. بیرکردنەوە لە ئازادی، نەوەک دروشمی ئازادی ئەوە گرنگترین و سەرەکیترین جیاوازی نێوان کۆمەڵگاکان وقۆناغەکانە، کۆمەڵگا هەیە دروشمی ئازادی هەڵدەگرێت بێئەوەی بیری لێبکاتەوە، کۆمەڵگاش هەیە ئازادی دەژی و لە ئازادی ڕادەمێنێت بێئەوەی بیگۆڕێتە سەر دروشمی قەبە و زل. مێژووی ئێمە مێژووی دروشمەکانی ئازادییە نەوەک مێژووی بیرکردنەوە بێت لە ئازادی. دەبێت جیاوازییەکی گەورە بکەین لە نێوان دروشمی ئازادی و بیرکردنەوە لە ئازادیدا. بەرزکردنەوەی دروشمی ئازادی هەرگیز بەو مانایە نییە کە یەکێک هەیە و بەڕاستی بیری لە ئازادی کردۆتەوە. مێژووی ئێمە بەکۆ لە سەردەمی سەرهەڵدانی بزاوتی ناسیونالی ــ مارکسی کوردییەوە تا ئەمڕۆ و لە کۆی بەرەکانیدا مێژووی درۆکردن و خۆدزینەوەیە لە تیوریزاندنی ئەم چەمکە، مێژووی بەرزکردنەوەی دروشمی ئازادییە بێئەوەی ئەم دروشمە لە ڕاستیدا ناوەڕۆکێکی هەبێت، یاخود لە سنووری ململانێی سیاسیانە لەسەر دەسەڵات یان لەگەڵ دەسەڵاتدا تێپەڕیبێت...
٣-٧-٢٠٠٨
|