left top right
Bachtyar-Ali.COM
spacer4
arrow Contact GuestBook Gallery About About This Website Home right
under
غەزەلنوس و باغەکانی خەیاڵ
ڕۆمانێکی نوێیە بە قەوارەی ٦١٨ لاپەڕە
که‌وته‌ به‌رده‌ست خوێنه‌ران...
ئاگاداری
ئاگاداری گشت خوێنه‌رانی خۆشه‌ویست ده‌که‌ینه‌وه‌، که‌ به‌م زوانه‌ مه‌له‌فێکی تایبه‌تی له‌ناو ماڵپه‌ره‌که‌دا بۆ ڕۆمانه‌ نوێکه‌ی نوسه‌ر
(‌غه‌زه‌لنوس و باغه‌کانی خه‌یاڵ)
  ده‌که‌ینه‌وه‌،  جا هه‌رکه‌س لێدوانی هه‌یه‌ با بۆ ئه‌م ئیمه‌یڵه‌ی خواره‌وه‌ی بنێرێت به‌ فایلی ۆرد یان تێکست که‌ به‌ فۆنتی یونیکورد نوسرابێت یاخود به‌ فۆنتی ته‌هۆما، تا بتوانین له‌ناو ماڵپه‌ره‌که‌دا بڵاوی بکه‌ینه‌وه‌، له‌دوای ڕه‌زامه‌ندی نوسه‌ر له‌سه‌ر بابه‌ته‌کان
ئیمه‌یڵ: admin
به‌ڕێوبه‌ری ماڵپه‌ر
غه‌زه‌لنوس و باغه‌کانی خه‌یاڵ
غەزەلنوس و باغەکانی خەیاڵ
"سیروان ڕەحیم"

(بارۆن تۆ ناتوانی دۆزەخ بدەیت بە مرۆڤ و باغ بدەیت بە شار)
لە ڕۆمانەکەوە
«غەزەلنوس و باغەكانی خەیاڵ» ناونیشانی ڕۆمانی نوێی بەختیار عەلی یە. ئەم ڕۆمانە گەشتێكی قورس و زەحمەت، بەڵام ڕەنگینە بە ڕۆحی مرۆڤ و هەناوی وڵاتی ئێمەدا. لە ڕوانگەی ئەم رۆمانەوە دەكرێ لە ڕەوشی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ژیانی پانزە ساڵی ڕابردوومان بە قوڵی ڕابمێنین. ڕۆمانێكە بۆ بیركردنەوە و تێڕامان لە هەموو شتەكانی دەوروبەرمان و كتێبێكە كە گەشتێكی ڕەنگینمان بە دونیای خەیاڵدا پێدەكات. گەشتێك كە هەولە جوان و لایەنە دزیۆەكانی جڤاكی ئێمەی بە ڕوونی تێدایە، بەڵام هێند هەیە دەبێ تێیرامێنین و لێی وردبینەوە، تا بچینەوە سەر سەرجەم شتەكان.
"غەزەلنوس و باغەكانی خەیال" ڕۆمانێكە بە خەیاڵێكی فراوان، بەڵام ورد، بە زمانێكی باڵا، بەڵام زۆر شاعیریانە و بە چنینێك كە لە چنینی مافورەكانی (تریفە یابەحری*) دەچێت چندراوە.
"غەزەلنوس و باغەكانی خەیاڵ" نزیكەی شەش سەد لاپەڕە زیاترە، بەڵام نەك هەر خوێنەر ماندوو ناكات، بەڵكو بە جۆرێك خوێنەر بە ڕووداوەكانەوە سەرقاڵ دەبێت و پاڵەوانەكانی بە جۆرێك دەتبەن كە هاوكات سەرسامكەر چێژ بەخشە. بەڵێ ڕۆمانێكە چێژبەخش و گەشتێكە پڕ لێكدانەوەی قوڵ، سەرنجی ورد لە شتە باوەكانی ژیانمان و گفتوگۆگەلێك كە گەرەكتە گوێی بۆ ڕادێریت و لەگەڵیدا بەردەوام بێت.
هیوای گەورە ئەوەیە كە بەختیار عەلی بتوانێت بەم شێوازە نایابە و بەو ڕیتمە ناوازەیە بەردەوام بێت و ڕۆمانمان پێشكەش بكات. ڕۆمان لە چەشنی (دواهەمین هەناری دونیا، شاری مۆسیقارە سپییەكان و غەزەلنوس و باغەكانی خەیاڵ).
ئەمانە ئەو ڕۆمانانەن كە خەیاڵ ئاسوودە دەكەن و خەیاڵ چالاك دەكەن. هەم ڕۆمانە و هاوكات كتێبی خەیاڵیشە. یەكێكە لەو كتێبانەی كە خەیاڵ ئاسوودە دەكەن و بۆ بیركردنەوە و هزراندن ئامادەی دەكەن.
ڕستەكانی ڕۆمانی "غەزەلنوس و باغەكانی خەیاڵ" بە سەدانن، بە سەدان ڕستە كە پڕاوپڕن لە جوانی و دەربرینی سەرسامكەر. ڕستەگەلێك كە ئەم ڕۆمانەی پێچنراوە هەمیشە زۆرتر لە ڕەهەندێكی :گوتنمان بە گوێ دا دەچرپێنن. ڕستەگەلێك كە بەردەوام ئێستمان پێدەكەن و دەمانخەنە هەوای خەیاڵێكی سەرسورهێنەرەوە.
هەرچییەك لەسەر ئەم ڕۆمانە بگوترێ وەكو ئەوە نییە كە خوێنەر ڕۆمانەكە بەدەستەوە بگرێت و لەتەكیدا ئەو گەشتە دەست پێبكات كە ئاماژەی پێكرا، گەشتێك بە زێدی خەیاڵ، ڕامان و هزراندن دا.
بە هیوای ئەوەی ئەم ڕۆمانە هەرچی زووترە چاپ بكرێت و ئێوەیش گەشتێكی ڕەنگین و پڕ ئەفسوون لەتەك (غەزەلنوس، تریفە یابەخری، زوهدی شازەمان، ئەفسانە،بارۆنی خەیاڵ، ماجیدی گوڵ سۆلاف، عەتار، حەسەن تۆفان، شبر مستەفا، مورتەزای شەیتان*) و ئەوانی تردا بكەن.

* چەند ناوێكی پاڵەوانەكانی ڕۆمانەكەن 
لە ڕۆمانەکەوە:
* «خەیاڵ ڕێگایەکی تیانییە بمانبات بۆ بەھەشت، ئا، من لە ئەزموونی خۆمەوە قسەدەکەم، خەیاڵ چەکێکە لە چەکەکانی شەڕ لە جەھەنەمدا ... بەلامەوە گرنگ نییە بەھەشت دروستبکەم، ھەرگیز بۆ بەھەشت نەگەڕاوم، بیرم لە شتی وا نەکردۆتەوە. من بە کۆمەکی خەیاڵ بەسەر زەویدا دەگەڕێم ... بە ناو باغە شاردراوەکانی ناو مرۆڤدا. خەیاڵ شتێکە یارمەتیم دەدات پتر لە مرۆڤ تێبگەم ... خەیاڵ بازدان نییە بەسەر حەقیقەتدا بۆ ناو خەون ... تۆ بە ھەڵە تێگەیشتوویت ... تەواو بە ھەڵە لە من تێگەیشتوویت. ئەوسەری خەیاڵ حەقیقەتە، ئەوپەڕی حەقیقەتە، لەوانەشە مردن بێت، چونکە مردن ھیچ نییە جگە لەو پەڕی حەقیقەت»
لە گفتوگۆیەکی نێوان «غەزەلنوس» و «بارۆنی خەیاڵ» ـەوە


* «باغەکانی خەیاڵ بۆیە جوانن چونکە نابنە دیکۆری حەقیقەت. گەر خەیاڵ ببێتە شتێک کە ڕاستی دەشارێتەوە، دەبێتە ھێزێکی ترسناک ... بمبورە ئەی برای غەریب، واھەستدەکەم تۆ دەتەوێت من و تۆ پێکەوە شتێک دروستبکەین کە پیسی و ناشیرینی ئەم شارە بشارێتەوە ... گەر دەتەوێت خەیاڵی من کۆمەکت پێبکات، شتێک مەکە ئەم ھەموو دزێوییە نەبینین. خەیاڵ سەفەرێکی قەشەنگە، بەڵام نابێت کارەسات لەبیر مرۆڤ بەرێتەوە»
لە گفتوگۆیەکی نێوان «غەزەلنوس» و «بارۆنی خەیاڵ» ـەوە


* ھەموو مرۆڤێکی ئەم شارە بۆ دیوە خەیاڵییەکەی خۆی دەگەڕێت، ئەم شارە ھەموو مرۆڤێک دەکات بە دوو کەرتەوە، مرۆڤ لەم شارەدا تەنیا دەتوانێت نیوەی خۆی ھەڵبژێرێت، بەشێکی بچوکی خۆی ھەڵبژێرێت و بەو بەشەوە بژی. ھیچ مرۆڤێک نییە سەرتاپا وجودی خۆی ئاشکرابکات و دانی پیابنێت.
لە گفتوگۆیەکی نێوان «غەزەلنوس» و «ماجیدی گوڵ سولاڤ» ـەوە


* غەزەلنوس، من ھەموو ژیانم ھەستمکردوە، تا پڕ خەیاڵتربین غەمگینترین. ئەو غەزەلانەی تۆ منیان تینوتر دەکرد، لەگەڵ ھەموو غەزەلێکدا ھەستمدەکرد دەمەوێت لە خۆشەویستیدا دوورتر بڕۆم، بەڵام ھەرگیز نەمدەزانی دوور ڕۆیشتن لە خۆشەویستیدا لای تۆ مانای چی؟. من دوور ڕۆشتن لە خۆشەویستیدا بەوە تێگەیشتم کە دڵی خۆم بەم بە ھەموو ڕۆحلەبەرێک، ھەتا ئەگەر بۆ چرکەیەکیش بووە، ھەتا ئەگەر بۆ ھەناسەیەکیش بووە، ڕەنگە ھەڵەبووبم، بەڵام دڵنیابە ویستومە کەسێکی باشبم، ویستم وەک غەزەلەکان گەر بۆ ساتێکیش بووە شتێک لە فێنکی بھێنم، ویستم لە ژیانی ئەواندا شتێکی تربم، شتێک لەو دووبارەبوونەوە ڕۆژانە و سادەیە نەچێت کە دەیبینن. تەنیا فریشتە و شەیتان وادەکەن دونیا خۆی دووبارەنەکاتەوە، بەڵام مرۆڤ مەخلوقێکە بێویستی خۆی ھەردەم ھەمان ئەو شتانە دووبارەدەکاتەوە کە لێیان دڵنیایە. زۆرجار دەڵێم، ڕەنگە ئاسانتر بێت مرۆڤ تا کۆتایی یەک ئافرەتی خۆشبوێت، ھەر وەک چۆن ئاسانترە مرۆڤ تا کۆتایی یەک غەزەل بنوسێت. بەڵام دڵنیابە، منیش وەک تۆ ڕێگا قورسەکەم ھەڵبژارد ... من و تۆ یان فریشتەیەکین و بووین بە دووکەرتەوە یان شەیتانێکین و دابەشبووین. کامیانین؟ نازانم ... بالێگەڕێین خودا خۆی بڕیاری لەسەربدات.
لە نامەیەکی «نەوجەوانی چینی» یەوە بۆ «غەزەلنوس»


* ئەم خۆشەویستییە سەیر غەمگینیکردوم، پێمبڵێ غەزەلنوس، بۆ خۆشەویستی ڕاستەقینە ھەمیشە غەمگینە. من دەزانم ئەڤین ھەیە، خودا و خەڵک ڕێی لێدەگرن و غەمگین دەبێت، من باسی ئەوە ناکەم، باسی ئەوە دەکەم خۆشەویستی خۆی لە قووڵاییدا ھەمیشە غەمگینە، ئەگەر ھیچ شتێکیش نەبێت، ئەگەر ھیچ ڕێگرێکیشی نەبێت، ھەر غەمگینە.
لە نامەیەکی «نەوجەوانی چینی» یەوە بۆ «غەزەلنوس»


* من چەندین ساڵە وڵاتە و وڵات دەکەم. لەم وڵات دەردەچم و ڕوو لەوی دی دەکەم، لەم شار دێمەدەرێ و دەڕۆم بۆ ئەو شاری تر ... بەڵام لەدەروازەی ھەر شارێک دەردەچم و پێ لە دەروازەی ھەر شارێکی تر دەنێم ... ھەستدەکەم ھەر لێرەم ... ھەمیشە تارماییەکی تاریکی ئەم شارە لەسەر سەرم بووە ... سێبەری دیوارەکانی لە ڕۆحمدا بوون. بۆ ھەر کوێ چووبم لەم شارە ڕامکردوە. ھەستدەکەم لێرە زۆر غەریبم ... زۆر ... مرۆڤ لەو شارانەدا غەریب نییە کە لێیان دەردەچێت، بەڵکو لەو شارانەدا غەریبە کە ناتوانێت لێیان دەرچێت.
لە گفتوگۆیەکی نێوان «ماجەلانی راستەقینە» و «ماجەلانی خەیاڵی»دا
Bachtyar Ali
Subjects
New Writing
Writing About
Theory Writing
Meeting
Poem
Novel
Copyright© bachtyar-ali.com. All rights reserved.
Designed by AKAM EnG.
h