left top right
Bachtyar-Ali.COM
spacer4
under
چاو پێکه‌وتن
چاوپێکه‌وتنی رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ له‌گه‌ڵ به‌ختیار عه‌لی
پرسیار: وەک بیستومانە دوا ڕۆمانت لە تەواوبوندایە.. ڕۆمانەکانی پێشوت ھەریەکەیان باسی سەردەمێکی مێژوویی دەکەن.. ئێوارەی پەروانە بیری ھەشتاکانمان دەخاتەوە، دواھەمین ھەنار سەردەمی شەڕی ناوخۆ، شاری مۆسیقارە سپییەکان سەردەمی ئەنفال ... ئەی ئەم ڕۆمانە تازەیەت لەچ سەردەمێکەوە نزیکە ... دەکرێت کەمێک باسی ڕۆمانە تازەکەتمان بۆ بکەیت؟
وەڵام:
بابەتی سەرەکی ڕۆمانەکە ململانێی نێوان خەیاڵ و حەقیقەتە، کە بە بڕوای من بزوێنی ڕاستەقینەی مرۆڤ و دروستکەری سەرەکی کاراکتەرێتی. لێتی ناشارمەوە زۆر لە مێژە لە خولیای ئەوەدام کتێبێک لەسەر خەیاڵ بنوسم، ڕەنگە ئەوە کۆنترین خەونی شەخسی من بێت. لە منداڵییەوە بیر لە نوسینی کتێبێکی گەورە و ڕاستەقینە لەسەر خەیاڵ دەکەمەوە ، ھەتا پێشئەوەی دەستبکەم بە نوسینیش جۆرە خەوێکی وەھام ھەبووە. واھەستدەکەم دواجار لەم کتێبەدا بڕێکی ئەو خەونەم ھێنابێتەدی. بەشی ھەرە زۆری ڕووداوەکان لە دوای ڕاپەڕین ڕوودەدەن و تا سەر ھاوینی ساڵی ٢٠٠٧ درێژدەبێتەوە. فەزای ڕۆمانەکە بە گشتی لە دونیای ئەمڕۆمانەوە نزیکە... بە ھەر حاڵ وەک کۆی ئیشەکانی ترم مێژوو تەنیا ڕەھەندێک لە ڕەھەندەکانی کتێبەکەیە، ڕەھەندەکەی دیکەی ئەو کێشە وجودییە سەختانەیە کە مرۆڤ لە ھەموو زەمانێکدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. وجود ھەمیشە شانۆی کۆمەڵێک قەیرانی مێژوویی گەورەبووە لای من و مێژووش ھەمیشە شانۆی کۆمەڵێک قەیرانی وجودی قووڵە. پاڵەوانی ڕاستەقینە نە نوقمی مێژووە و نە لەدەرەوەی مێژووشە. بۆ ئەوەی پاڵەوانێکی ڕاستەقینە دروستبکەین، پێویستمان بە جۆرە مرۆڤێکە شتێک لە سیمای ھەموو تراژیدیا گەورەکانی ھەڵگرتبێت. پێویستیمان بە کەسێکە لە چارەنوسی تایبەتی خۆیدا شتێک لە تراژیدیا مێژوویی و تراژیدیا وجودییەکان بەرجەستەبکات. دوای شاری مۆسیقارە سپییەکان، ھەندێک ڕۆمانەکەیان وەک ڕۆمانێک مێژوویی وەسفدەکرد. پێموایە ئەوە جۆرە پێناسەیەکی زۆر ڕاست و ورد نەبێت. ڕۆمان ھەمیشە پێکدادانی ماکرۆکۆسمۆس و میکرۆکۆسمۆسێکە، واتە بەریەککەوتنی گەردونێکی گەورەو گەردونێکی بچوکە. بەریەککەوتنی خواستە گەورەکانی مێژووە لەگەڵ خواستە بچوکەکاندا. لە تراژیدیای یۆنانیدا ئەمە بە ناکۆکی نێوان خواستی خوداوەندەکان و خواستی مرۆڤ تەعبیری لێکراوە، پرۆمیسیۆس لەو جەنگەدا دەکەوێتە بەر سزای زیۆس . لە ڕۆمانسییەتدا ئەم پێکدادانە لە نێوان ڕۆحی مرۆڤ و ستراکتوری کۆمەڵایەتیدایە، لە سریالییەتدا لە نێوان عەقڵ و ڕووبەرە بەرین و چەپێنراوەکانی پێش عەقڵدایە. مێژوو لای من ئەو فەزا زەمەنییە نییە کە پاڵەوانەکان و ڕووداوەکان پێویستیان پێیەتی بۆ ئەوەی بژین، بەڵکو ئەو تۆڕ و تەپکە و داوەیە کە پاڵەوانەکان تێیکەوتوون. پاڵەوانەکانی من کەسیان مێژوو دروستناکەن ، بەڵکو ھەموو بەجۆرێک لە جۆرەکان سەرقاڵی ڕاکردنن لە مێژوو، خەریکی دانانی پلانان بۆ ھەڵھاتن لەو تۆڕە گەورە و گەمارۆ ترسناکە کە ناوی مێژووە. ھەندێکجار ھەستدەکەم من لە مەرگی تاقانەوە تا ئەمڕۆ تەنیا خەریکی لێدانی نەفەقێکی درێژ بووم تا پاڵەوانەکانم پێیدا لە مێژوو ھەڵبێن. ھەڵھاتن لە مێژوو جۆرە نەفرەتێکە لەو ھەموو دزێوییە گەورەیەی سیاسەت دروستیکردوە. مێژوو لە دونیای ئێمە تا ئەندازەیەکی زۆر وشەیەکی سیاسییە، لێرەوە لە مانا گشتییەکەیدا وشەیەکی ناشیرین و نیگەتیفە... ئەم ئیشکالییەتە لەم دوا ڕۆمانەدا سەختتر و قووڵترە، کە ھەڵبەت بەجێیدەھێڵم بۆ کاتی بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکە تاقسەی لەسەر بکەین. بە کورتی من نوسەرێکی مێژوویی نیم، ھێندەی نیشاندانەوەی ڕۆحی پاڵەوانەکانم بەلاوە گرنگە، دەرخستنی ڕۆحی سەردەمەکانم بەلاوە گرنگ نییە. ڕۆماننوس لەسەر چارەنوسی بوونەوەرە تەنیا و بچوکەکان ئیشدەکات، مێژووی تاکەکانی بۆ گرنگە، نەوەک مێژووی سیاسی. ئەوەی لە مێژووی گشتی لەو چەند تێکستەی مندا دەردەکەوێت تەنیا ئەو بەشەیە کە بایەخی بۆ دەرخستنی مێژووی تایبەتی پاڵەوانەکان ھەیە و ھیچی تر... ڕەنگە گرفتی سەرەکی پاڵەوانی ڕۆمانەکانی من ئەوە بێت کە باوەڕیان بە گۆڕینی سیاسیانەی جیھان نییە ... زۆرجار ھەستدەکەم ئەو تێکستانە ئاماژەبن بۆ جۆرە نەوەیەک و جۆرە سەردەمێک کە تێیدا چارەسەری سیاسی پاشەکشەیەکی گەورەی کردوە، گەڕان بۆ ڕووبەری دیکە و خەونی دیکە و زەوی دیکە... ئەوە دەردی من و دەردی ھەموو پاڵەوانەکانیشمە. مێژوو لە ئیشەکانی مندا شانۆیەکە کە پاڵەوانەکان ناتوانن بچنەسەری... سەیرکردنی جیھان لە پەراوێزەوە، گوێگرتن لە ھەناسەی ئەوانەی مێژوو دروست ناکەن... ئەوە ھەمیشە فەزای ڕۆمانەکانی من بووە.
پرسیار : تۆ یەکەم نوسەری جیدی بوویت لە دوای ڕاپەڕینەوە کتێبەکانت تیراژی بەرزیان تۆمارکرد، لە دوای شاری مۆسیقارە سپییەکانەوە خوێنەرانت نەوەک ھەر گەورەبوون, بەڵکو چاوەڕوانییەکانیشیان بەرامبەر کارەکانت گەورەبووە. ئەم چاوەڕوانییە توشی ترس و دڵەڕاوکێت ناکات؟
وەڵام:
من لەسەر ئەو شتانە دەنوسم کە بڕوام پێیەتی، خۆت دەزانیت من لە خۆرئاوام کۆنتاکتێکی کەمم لەگەڵ خوێنەراندا ھەیە. ھەر جارێک گەڕابێتمەوە لە ھەر کوێیەکەوە دەرکەوتبم، لوتف و مەحەبەتی ئەوان بۆ من ھێند گەورە بووە وەسف ناکرێت. ڕۆژانە بە ئیمەیل و کۆمینتارە جوانەکانیان ئەم لوتف و مەحەبەتە گەورەیە ھەست پێدەکەم. درۆیە نوسەرێک بڵێت کە خۆشەویستی خەڵک ناچیز دەگرێت، نا ... لەو چەند ساڵەدا جگە لەو ژمارە گەورەیەی خوێنەران و ئەو قەڵەمە جوان و ڕاستگۆیانەی ناوەندی ڕۆشنبیری من پشت و پەنای ترم نەبووە و بۆ ساتێکیش ھەستم نەکردوە پێویستیم بە پشت و پەنای ترە. بەڵام ئەمە جۆرە ھەستێکە مرۆڤ لەسەر ئاستی شەخسیدا تاقیدەکاتەوە. سەبارەت بە پەیوەندییە قووڵەکەی خوێنەر و نوسەر، پێموایە ھیچ نوسەرێکی باش لە کاتی نوسیندا بیر لە خوێنەر ناکاتەوە. باشترین کتێبەکانی دونیا و نەمرترینیان ئەو کتێبانەن کە نوسەر تێیدا بیر لە خوێنەر ناکاتەوە، بەڵکو بیر لە مرۆڤ و کێشە جەوھەرییەکانی دەکاتەوە. بەقووڵی بیر لە ژیان و جوانی و مرۆڤ بکەرەوە، واتە لە ھەمان کاتدا بیریشت لە خوێنەر کردۆتەوە. بەڵام زاراوەی بیرکردنەوە لە خوێنەر بە مانا سۆسیۆلۆژییەکەی ئاماژەیە بۆ خۆبەستنەوە بە چێژ و نۆرمی جۆرە مرۆڤێکەوە کە لە ژینگەیەکی تایبەتیدا دەژی، ھەندێک پێوەری تایبەتی ھەیە و داوای شێوەیەکی تایبەتی لە ئەدەبیات دەکات. من لە نوسیندا بیر لەو ڕەھەندە لۆکاڵەی خوێنەر ناکەمەوە، باوەڕناکەم ھیچ نوسەرێکی ڕاستەقینەی دیش بیری لێبکاتەوە. لەنوسیندا ھەوڵدەدەم بەپێی توانا ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ مرۆڤە قووڵەکەی ناو خوێنەردا بکەم... ڕاستگۆیانە لەسەر کێشە گەورەکانی ژیان و کێشە گەورەکانی مرۆڤ بنوسە، واتە تۆ بۆ ھەموو سەردەمەکان و بۆ ھەموو مرۆڤەکان دەنوسیت. من بە ئەزمونی ئەم چەند ساڵە ھێند فێربووم. تاکە شتێک کە دەبێت نوسەر لێیبترسێت، خۆیەتی... غرور و لە خۆڕازیبوون و خۆ فەرامۆشکردن و نەخوێندنەوە گەورەترین دوژمنی نوسەرن. وەستان لە جوغزی بابەت و لە قەفەزی ئایدیایەکدا، گەورەترین دەردە نوسەرێک تووشی بێت. نوسەر دەبێت لە شەڕێکی گەورەدا بێت لەگەڵ خۆیدا، ھێزگەلێکی زۆرھەن دەیانەوێت نوسەر بەرەو ئیبتیزال و نزمنوسی بەرن، گرنگ ئەوەیە نوسەر بتوانێت دەست بە پاکی ڕۆحی خۆیەوە بگرێت، دەست بە قووڵبوونەوەوە بگرێت. خوێنەری ڕاستەقینە کەسێکە دەیەوێت ڕێزی عەقڵی بگریت، ئەو شتانەی بۆ دووبارە نەکەیتەوە کە دەیزانێت، ئەو جۆرە لە ئەدەبیاتی نەدەیتێ کە بەسەرچووە و ھیچ نابەخشێت. خوێنەرێکە نایەوێت تۆ دابەزیت بۆ ئاستی ئەو، بەڵکو دەیەوێت ھەوڵبدەیت ڕووبەرێکی تر لە ژیان و مەعریفەتی نیشانبدەیت، بە شەڕەجنێو و دەمەدەم و تۆمەتکاری ڕۆح و ڕەوشتی پیس نەکەیت، بەڵکو پاکی و قووڵی و جوانی ئەدەبیاتی بۆ دەرخەیت. من یەکجار و بە یەک ئیش خوێنەرم کۆنەکردۆتەوە، بەڵکو دڵۆپ دڵۆپ ئەو خوێنەرانەم دروستکردوە، پەیوەندی من لەگەڵ خوێنەردا لەسەر زەمینەیەکی پتەو وەستاوە، گەر وانەبایە ئەو ڕەشەبای بوختان و درۆکردنە ھەتا خوێنەرێکیشی بۆ من نەدەھێشتەوە. بەڵام ئەوەتا دوای نۆ ساڵ بەسەر چاپی ئێوارەی پەروانەدا، دوای فرۆشتنی ھەزاران نوسخەی کۆپی لە ئێوارەی پەروانە، کەچی ئێستا ئەم ڕۆمانە وەک ئەوەی کتێبێکی نوێ بێت، پێشوازییەکی گەورەی لێدەکرێتەوە. من ئیش دوای ئیش و قەسیدە دوای قەسیدە و ڕۆمان دوای ڕۆمان ئەو خوێنەرانەم دروستکردوە. ئەو ھەستی نزیکییە بە جۆرێکە زۆربەی ئەو خوێنەرانەی دەیانبینم یان نامەم بۆ دەنێرن، واھەستدەکەن ھاوڕێمن... ھیچ شتێک لەوە گەورەتر نییە کە ھەستبکەیت ئەدەبیات شتێک دەکات کە بە ھیچ ھێزێکی دی ناکرێت. من چ ترسێکم لە چاوەڕوانی خوێنەران نییە ... بەڵکو گەورەترین شەرەف خوێنەر بە نوسەرێکی ببەخشێت ئەوەیە چاوەڕوانی شتێکی لێبکات. زۆر کەمن ئەو نوسەرانەی کورد کە خوێنەران چاوەڕوانیان لێدەکەن... گەر من یەکێکیان بم ئەوە خۆشبەختمدەکات. ھەستدەکەم نوسەر و خوێنەرەکانی پێکڕا لەسەر سفرەی جوانی کۆدەبنەوە، ئەو چاوەڕوانییەش کە خوێنەر لە نوسەری ھەیە چاوەڕوانییەکی گرنگە بۆ بەردەوامی نوسەر، کارەسات ئەو ڕۆژەیە کە خوێنەران چاوەڕوانیان لێت نەمێنێت. ئەو چاوەڕوانییەی دەکەوێتە نێوان بەرھەمێکی نوسەر و بەرھەمێکی دیکەیەوە تاکە پردێکە کە نوسەر بە خوێنەرەکانییەوە گرێدەدات ... جوانترین پرد و پیرۆزترین پردیشە. خوێنەرەکانی من سەر بە حیزبێکی دیاریکراو نین تا بترسم لە دەستیانبدەم، بەڵکو من خوێنەری خۆم لەدەرەوەی بەریان و ئاڕاستە سیاسییەکان و لەسەر بنەمایەکی تر و بەپێی پێوەری تر دروستکردوە. من زۆربەی وەخت لەو دیو سیاسەتەوە باسم لە مرۆڤ و ژیان و کۆمەڵگا کردوە، لەبەرئەوە لەو پەڕی چەپەوە بۆ ئەوپەڕی ڕاست و لە ناو ھەموو شەپۆلە سیاسییەکاندا خوێنەرم ھەبووە. ھەروەھا خوێنەری نوسینەکانی من سەر بە گروپێکی کۆمەڵایەتی دیارکراو نین تا ڕەچاوی عەقڵییەتی تاقمێکی دیاریکراو بکەم، من خەڵکانێکم بینیوە تەمەنیان چواردە و پازدە ساڵ بووە کە بڕێک لە بەرھەمەکانی منیان خوێندۆتەوە، ھەروەھا ژن و مێردیشم بینیوە تەمەنیان حەفتا ساڵ بووە، خەریکی شاری مۆسیقارە سپییەکان بوون. کە دەنوسین خوێنەرمان لێ دیار نییە، بەڵام مرۆڤمان لێ دیارە، جیھانمان لێ دیارە، جوانیمان لێ دیارە و خەونمان لێ دیارە. کە جیھان و مرۆڤت بە قووڵی بینی خوێنەریش بە قووڵی و بەڕوونی دەتبینێت.
 پرسیار: ئایا ئەم ڕۆمانە تازەیەتان بەراورد بە ئیشەکانی تر چۆن ھەڵدەسەنگێنن، لێکچوون و دووبارەبوونەوەکان بەڕای ئێوە چۆنن؟ ئێستا خەڵکێک دەپرسێت ئاخۆ بەختیار دەتوانێت تەجاوەزی شاری مۆسیقارەکان بکات، یان ئیشێکی تر بنوسێت لەو ئاستەدا بێت؟
وەڵام:
دیارە لە کاری ھەموو نوسەرێکدا لێکچوون و جیاوازی ھەیە... چەندە لە ئیشێکەوە بۆ ئیشێک جیاوازی گرنگە، لێکچوونیش ھێند گرنگە. جیاوازییەکان توانای داھێنانی نوسەر ئاشکرادەکەن و لێکچوونەکانیش کاراکتەری نوسەر دادەڕێژن. بەڵام گرنگ ئەوەیە لێکچوونەکان بە شێوەی نوێ و لە سیاقاتی تازە و بە مانای نوێوە دووبارەببنەوە. ھیچ نوسەرێکی گرنگم لە دونیادا نەبینیوە لێکچوون لە بەرھەمەکانیدا نەبێت. ھەر نوسەرە و بە ستایلێکی تایبەتی دروستدەبێت. دستۆفسکی لە یاداشتی ماڵی مردوانەوە جۆرە شێوازێکی خۆی ھەیە کە لە ھەموو کارەکانیدا تا سەر برایانی کارامازۆف دووبارەدەبێتەوە. کێ ھەیە تێکستێکی شکسپیر نەناسێتەوە، کێ ھەیە شێوازی مارکیزی لێ ونببێت. ڕاسکۆلینکۆف و ئەمیر مشکینی دستۆفسکی لە دەیان سەرەوە پێکدەچن، بەڵام لە دەیان سەریشەوە جیاوازن. ئەدەبیاتیش بە گشتی ئەو گەمە ورد و ئەندازەییەیە کە لە نێوان لێکچوون و جیاوازیدا دروستدەبێت. سەبارەت بە تەجاوەزیش ھەمان شت. ئەدەب وەک وەرزش نییە. لە وەرزشدا مرۆڤ چرکەپێوێکی ھەیە دەتوانێت خێرایی و توانای خۆی بپێوێت... دەتوانێت بزانێت ئەمڕۆ چەند خێرا ڕایکردوە و بەیانی چەند خێراتر، بەڵام بەداخەوە لە ئەدەبیاتدا جیاوازییەکان وەھا بەڕوونی ناپێورێن. قووڵایی و ستاتیکا پێوەریان نییە، تەنیا ئەوانە لە فیکر و جوانی تێدەگەن کە خۆیان لە ناویدا بن. بەڕای من تێکستی جوان تەجاوەز ناکرێت، بەڵکو لە شێوەی دروستدەکرێتەوە. کەس ناتوانێت بڵێت ھاملێت یان زۆربا یان سەد ساڵ گۆشەگیری تەجاوەزکراون، ھێند ھەیە ھاوشێوەیان لە جوانی و قووڵیدا دروستکراوە. قسەیەکی بێمانایە بڵێیت «خۆشەویستی لە زەمانی کۆلێرادا» لە «سەد ساڵ گۆشەگیری» جوانترە و تەجاوەزیکردوە... قسەیەکی بێماناشە بڵێین خۆشەویستی لە زەمانی کۆلێرادا لە سەد ساڵ گۆشەگیری کەمترە. بۆ ڕۆمانەکانی منیش واھەستدەکەم ھێڵێکی گشتی ھەیە ھەموو بەرھەمەکان پێکەوە گرێدەدات و لە ھەمانکاتدا کۆمەڵێک ھێڵیش ھەن ئەو کارانە تەواو لە یەکدی جیادەکەنەوە... بە ھەرحاڵ من ھەرگیز باوەڕم بەو تیورییە پەیژەییە نەبووە بۆ ئەدەب، مرۆڤ لە کتێبێکی جوانەوە بۆ کتێبێکی جوانی دی لە نزمەوە ناچێت بۆ بەرز، بەڵکو لە ڕووبەرێکەوە بۆ ڕووبەرێکی تر، لە گۆشەنیگایەکەوە بۆ گۆشەنیگایەکی دی، لە کیمیایەکەوە بۆ کیمیایەکی دی دەگوازێتەوە. بۆچوونی من بۆ کتێب لە بۆچوونە دۆلۆزییەکەوە نزیکە، کتێب گرێیەکە کە کۆمەڵێک ئاست تێیدا بەیەک دەدات و کۆدەبێتەوە.
پرسیار : بیستومانە ھەندێک لە ئیشەکانت خەریکە بۆ ھەندێک زمانی دی وەردەگێڕدرێت... دیارە ئەمە ھەواڵێکی خۆشە بۆ سەرجەم ئەدەبی کوردی... بەڕاست لەگەڵ ئەوەشدا کە نەوەیەکی بەرچاو لەدەرەوەیە و فێری زمانی جیاواز بووە، کەچی کاری وەرگێڕان لە کوردیەوە بۆ زمانەکانی تر لە حوکمی نەبووندایە... بۆ؟
وەڵام:
لەڕاستیدا کێشەی نەبوونی وەرگێڕ لە کوردییەوە بۆ زمانەکانی دی سەیرترین دیاردەی دونیای ئێمەیە. ھیچ میللەتێک لەم سەر ئەستێرەیە وەک ئێمە بێ وەرگێڕ نییە. نەبوونی وەرگێڕ پەیوەندی بە کۆمەڵێک تەوەری گرنگی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و دەرونییەوە ھەیە. بڕی ھەرە زۆری ئەو کوردانەی ھاتوونەتە ئەوروپا گرنگییەکی ڕاستەقینە بە مەسەلەی ڕۆشنبیری نادەن، وەختە بڵێم خولیای ڕۆشنبیری و فیکری ڕاستەقینە لە ناو کوردی دەرەوەدا وەھا کەم و بێئاستە، مرۆڤ سەرسامدەبێت. بڕی ھەرە زۆری وزەی کوردی ئەوروپا بەداخەوە لە ململانێی سیاسیدا و لە قسەی بازاڕیدا لەسەر پارتی و یەکێتی سەرفدەبێت. کوردی ئەوروپا تا ئێستا دەیان ھەزار وتاری ھاوشێوە و ھاوواتایان لەسەر ئەم بابەتانە نوسیوە، ئەمانە جۆرە ڕۆشبیرییەکی وەھمیان دروستکردوە، کە تا ئەندازەیەکی وزەی گەڕان و پشکنین و فێربوونی لە کوردی دەرەوەدا کوشتووە، خولیای فێربوون بەداخەوە لە خەڵکی دەرەوەدا مردوە. ڕۆڵی وێرانکەر و وەحشیانەی سیاسەت لە سەر کایەی ڕۆشنبیری لە ناو کوردی ئەوروپادا زۆر بە ڕوونی و بەرجەستەیی دەبینرێت. سیاسەت ناھێڵێت مرۆڤی کورد بیربکاتەوە و بووە بە گەورەترین ئەفیون. ئەو سەفسەتە سیاسییەی لە ناو کورددا بڵاوبۆتەوە، دەقاودەق ھاوشێوەی ئەو سەفسەتە دینییەیە کە ئێستا لە ناو عەرەبدا ھەیە و ھاوشێوەی ئەو سەفسەتە لاھوتییەیە کە لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاستدا ھەبوو. ڕۆشنبیریی کوردی ئەوروپا ھیچ نییە جگە لە مەیدانێک بۆ بەرزکردنەوەی دروشم و ھوتاف کێشان و یەکدی تەخوینکردن. ڕۆڵی تەخوینکردن و خەڵک بە خائینکردن لە عەقڵی ئێستای کورددا ھەمان ڕۆڵی تەکفیر دەبینێت لە عەقڵی ئیسلامییەکاندا. لە فەزای وادا فێربوون و مەعریفەت و فیکر دەکشێنە دواوە و نرخێکیان نامێنێت. وەگێڕان پێویستی بە خەڵکێک ھەیە کە پەیوەندییەکی ڕۆحی قووڵی بە ئەدەبیاتەوە ھەبێت . لای ئێمە ھێشتا وەرگێڕان وەک کارێکی بێگار یاخود ھەندێجار وەک پیاوەتییەک لەگەڵ نوسەرەکەدا سەیردەکرێت، بەوەھا عەقڵییەتێکەوە وەرگێڕانی سەرکەوتوو ئەنجام نادرێت. ئێمە زمانزانمان زۆر زۆر کەمە، ئەو کەمەش گەلەک ڕێگری سایکۆلۆژی و ئابووری ھەیە ناھێڵێت بە کاری وەرگێڕان ھەستن. ئەدەبیاتی خۆرھەڵات بە گشتی بەدەست کێشەی نەبوونی وەرگێڕەوە دەناڵێنێت. بەڵام دۆخی کورد لەم بوارەدا وەک ھەموو بوارەکانی تر، خراپترین و لەخوارترینە. مەسەلەکە بە دیوێکدا مەسەلەیەکی ئابووریشە. وەرگێڕ پێویستی بە کاتێکی زۆر ھەیە... بۆ وەرگێڕانی تێکستێکی گرنگ مرۆڤ دەبێت ساڵێک یان دووان لە ژیانی خۆی تەرخانبکات، ئەمە پێویستی بە دابینبکردنی ژیان و بژێوی ھەیە . بەڵام ئەمە بەشێکی مەسەلەکەیە، بەشێکی دی مەسەلەکە پەیوەندی بە ئەخلاقیاتەوە ھەیە، تا ئێستا ئێمەی کورد ئەو خەڵکە لە خۆبووردوەمان تێدا ھەڵنەکەوتووە کە خۆیان بۆ ناساندنی کولتووری کوردی تەرخانبکەن. من لەو باوەڕەدا نیم ئەم مەسەلەیە لە داھاتووی نزیکدا چارەسەربکرێت ... تاسەفسەتەی سووک و سادەی سیاسی ھەبێت، کورد بیر لە پڕۆژەی کولتووری و ڕۆشنبیری ناکاتەوە. کورد یەکێکە لە بێ وەرگێڕترین میللەتانی دونیا و پێدەچێت ھەرواش بمێنێتەوە.
پرسیار: ناتوانم ئەم پرسیارەت لێنەکەم... گەرچی خوێنەرانی تۆ بەردەوام لە زۆربووندان، بەڵام لە ھەندێک جێگاوە پەلامار دەدرێن و چەندان تۆمەت و قسەتان دوادەخەن؟ یەکێک لە سایتێکدا نوسیبووی تۆ خەفیفەبوویت... ھۆی ئەم پەلامار و تۆمەتانە چیە و سەرچاوەکانی چیە؟
وەڵام:
ئازیزم، نەوەک بڵێن خەفیفەبووە، بڵێن فدائی سەدام و حەرەس جمھوریش بووە من وەڵامیان نادەمەوە … ئەو قسە پڕوپوچانە چییە مرۆڤ وەڵامیبداتەوە. ئەوەی ڕۆژێک بەختیار عەلی ناسیبێت دەزانێت ئەو قسانە چ درۆیەکی گەورەن و کێ دەیکات و بۆ دەیکات و بەچ مەبەستێک. ئیدی وەڵامی چی بدەمەوە؟. دوائەوە مرۆڤ بۆئەوەی وەڵامی ئەوان بداتەوە، دەبێت لە ھەمان ئاستی ئەخلاقیدا بێت، دەبێت ھەمان توانای لەسەر درۆکردن ھەبێت، دەبێت بە ھەمان پلە بوختانچی بێت، دەبێت وەک ئەوان بێئیش بێت و حەزی لە موھاتەرات بێت ... منیش لەو بوارانەدا ئەخلاقی ئەوانەم نییە. ئەو بە من دەڵێت تۆ خەفیفەبوویت، من ناتوانم پێی بڵێمەوە تۆ جاشیت یان بەعسیت یان نازانم چیت؟ یەکەم ئەخلاقم ڕێگام پێنایەت، دووەم، ئەوە بەلای منەوە گرنگ نییە ئەو چییە، ئەوە بەلامەوە گرنگە کتێبێکی جوان و پڕزانیای و سوودبەخشی ھەیە بیخوێنمەوە یان نا... ئەزموونی بیست ساڵ بە من و بە زۆربەی خوێنەرانیش دەڵێت ئەمانە نوسەر نین . دوائەوە ئازیزم لەگەڵ ئەو برادەرانەدا شتەکان وەک حیکایەتی مێش وایە، بۆشی بسەلمێنە تۆ خەفیفە نەبوویت دەڵێت موخابەرات بووە، دەڵێت باوکی موعتەمەدی ئەمن بووە، دەڵێت باپیرەی سوارەی ئینکیشاری بووە ... کە مرۆڤ ئەخلاقیاتی نوسینی خستەلاوە، درۆکردن دەبێتە شتێکی نۆرماڵ و ئاسایی لەلای. لێگەڕی باچی دەڵێن بیڵێن. درۆکردن و بوختانکردن ئیشی پیاوی بێتوانا و بێبەھرەیە. دواجار ئەوە تارمایی منە ئەوان ڕاودەنێت، نەوەک تارمایی ئەوان بێت من ڕاوبنێت. چەندین ساڵە ئەو تارماییە خەوی لێزڕاندون، شەو و ڕۆژ بە دوایانەوەیە. من مردووبم یان زیندوو ئەو تارماییە ھەر بەدوایانەوە دەبێت. پێدەچێت من تارماییەکەم لە خۆم چالاکتر بێت، چونکە من نە ئەوانە دەخوێنمەوە، نە دەزانم ھەن، نە ڕای ئەوانیشم بەلاوە گرنگە، نە مەبەستیشم بووە کەس بخەمە ئەو دۆخە سایکۆلۆژی و ھیسترییەوە کە ئەوانە تووشی ھاتوون. ئەوانە نە خۆیان، نەنوسینیان، نە دەنگوباسیان بۆ من نرخێکی نییە تا دوایبکەوم. ئەگەر ئەوانە نوسەر بوونایە خەمم لە قسەیان دەخوارد و بیرم لە وەڵامدانەوەیان دەکردەوە... بەڵام ئەوان لە خەیاڵپڵاوی خۆیاندا پێیانوایە من وەڵاممداونەتەوە و وەڵامیاندەدەمەوە، لە وەھمی خۆیاندا کۆمەڵێک شەڕی دۆنکیشۆتیان درستکردوە کە تەنیا لەسەری خۆیاندا ھەیە. من ئەوانە ڕۆژی کتێبێکیشم لەسەر بنوسن باکم پێیان نییە. با کام تیر لە کەوانیاندا زۆر ژەھراوییە بیھاون، ھێشتا ھەستدەکەم زۆر لەوە بەستەزمانترن مرۆڤ بیر لە وەڵامدانەوەیان بکاتەوە. من لە ھەست و نەستی ئەوانە تێدەگەم، ناخۆشە دەیان ساڵ ھەوڵبدەیت ببیت بە نوسەر و بەڵام سەرکەوتوو نەبیت، ئەمە بۆتە بوغزێکی گەورە، ھەندێکیانی گەیاندۆتە سەر سنووری ھیستریا ، من بەڕاستی بەزەیم پیایاندا دێتەوە، خۆزگە ئەوانەش بیانتوانیبایە شتی جوان بنوسن و نوسەر بن تا پێویستیان بەو ھەموو بوغزە گەورەیە نەبێت. من قەڵەمێکم لە کورددا نەبینیوە داھێنەربووبێت و خاوەنی شتی جوان بێت خەریکی ئەو کاسبییەی ئەوان بێت، تەنیا نوسەرە بێبەھرە و بێتواناکان پێویستیان بەمجۆرە موھاتەراتە ھەیە. لەبەرئەوە لێیانگەڕێ با چۆنیان پێباشە تەعبیر لە خۆیان بکەن. گرنگ ئەوەیە نەھێڵین ئافەتەکانیان بگاتە ڕۆحمان، گرنگ ئەوەیە نەھێڵین بمانخەنە یارییەکەی خۆیانەوە، گرنگ ئەوەیە ڕۆحی تۆڵەمان تیانەچێنن، بە جیھانە بچوک و پڕوپوچەکەی خۆیانەوە سەرقاڵمان نەکەن، نەمانکەن بە بەشێک لەو ڕووبەرە ناشیرینەی کە تیا نوقمن. تاکە ڕووبەرێک ئەوانە نازانن ئیشی تیابکەن ڕووبەری جیدییەت و داھێنان و فیکرە، لێیانگەڕێ تا قیامەت لە دەرەوەی بازنەکە سەمای خۆیان بکەن و بەرد بھاون... ئەوان لە بەرێکی دونیا و من لەبەرێکی تردام، وەک چۆن دڵنیام دەنگی من ناگاتە ئەوان، ئەوانیش دەبێت دڵنیابن دەنگی ئەوان ناگاتە من، ھێند ھەیە ئەوان تامردن مەحکومن بەوەی بەرد بھاون، بەڵام نە بەردەکانیان دەگاتە من و نە لە خەیاڵی ئەوەشدام بەردیان تێبگرمەوە...
Bachtyar Ali
Subjects
New Writing
Writing About
Theory Writing
Meeting
Poem
Novel
h Copyright© bachtyar-ali.com. All rights reserved.
Designed by
AKAM EnG
.
h