|
|
| |
ڕوونکردنەوەیەکی کورت
بەداخەوە لە دوو ڕۆژ لەمەوبەرەوە کە لەگەڵ کاک ئاراسدا گەڕامەوە بۆ
نیشتیمان، لە سەردێڕی هەندێک هەواڵ و ژێرنوسینی هەندێک کەناڵ و خەبەری
هەندێک سایتدا هەندێک قسەی من زۆر بە خراپی و دوور لە هەر وردبینییەک
دەگوازنەوە، من لەزۆربەی سەفەرەکانی تردا تووشی ئەم دۆخەبووم، بەڵام
ئەمجارە بەجۆرێکی بەربڵاو ئەو دیاردەیە دەبینم. زۆربەی ئەو شتانەی من خۆم
بینیومە یان دەقەکەیم بیستۆتەوە، یان جیاوازە لەوەی من گووتوومە، یان
بەجۆرێکی تایبەتی داڕێژراوەتەوە کە تەواوی ئەو مانایە نادات یان تەنیا
بەشێکی ئەو مانایە دەبەخشێت کە من مەبەستم بووە. تکام لەو برایانە هەیە کە
قسەکانی من دەگوازنەوە ڕستەکان وەک خۆی و بێهیچ داڕشتنەوەیەکی زمانەوانی و
بێهیچ ماناگیرییەکی تایبەتی بنوسنەوە... چونکە دەستکاریکردنی داڕشتن و
گوازتنەوەی نیوە ڕستە و نەپاراستنی ڕستە لە نەقڵدا، زیان بەو مانایە
دەگەێنێت کە من مەبەستمە. لەمڕۆوە هەر قسەیەک بە ناوی منەوە، دەقاودەق
نەقڵی تەواوی ئەو ڕستەیە نەبێت کە من گووتوومە، ناچارمدەکات بەدواداچوون و
بەدرۆخستنەوەی بۆبکەم ... من بە گشتی حەزم لەو شەڕە لابەلایە نییە لەگەڵ
کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا، بۆیە دۆستانە تکا لە هەموو ئەو خوشک و برایانە
دەکەم، بە ئیجتیهاد و تەفسیری خۆیان ڕستەکانی من و وتەکانی من دانەڕێژنەوە
... لەگەڵ ڕێزی زۆرمدا.
بەختیار عەلی |
| |
دەقی وتەكانی بەختیار عەلی لەزانكۆی سلێمانی
بەختیار عەلی
٩-٣-٢٠١١ |
لە ٢٠ ساڵی رابردوودا تەنها شتێك لەپشتی هەر
ووشەیەكەوە بووبێت كە من نووسیومە... هیوا بووە، هیوایەكی
گەورە كە هەموو نوسەرێكی دنیا هەیەتی، هیوای گۆڕینو باشركردنی دنیا
لەڕێگەی وشەوە، لەپشت هەر دێڕێكەوە كە خستوومەتە سەر كاغەز خەونێك هەیە،
ئەو خەونە دیار بێت یان نادیار، بینراو بێت یاخوود نەبینراو، هەمیشە
ئامادەیە، خەونی چاككردنی دونیا هەتا ئەگەر كەمێكیش بێت.
ئازیزان من لەوانە نیم كە باوەڕم بەدروستكردنی بەهەشتە لەسەر زەوی، بەڵام
باوەڕم بەوە هەیە كەئینسان دەتوانێت سیستەمێك درووستبكات لانی كەمی
دادپەروەری تێدا بێتو مرۆڤەكان تێیدا نەكرێنە كۆیلە و بوونەوەری پەراوێز و
بێدەنگكراو.
ئازیزان ئەگەر مرۆڤ نەتوانێت بەهەشتیش بدۆزێتەوە، بەڵام مانای گەورەی ژیان
لەوەدایە كە مافی هەبێت بۆی بگەڕێت، ئەگەر مرۆڤ نەگاتە ئازادیش مانای
گەورەی ژیان لەوەدایە كە بۆ ئازادی بگەڕێت، ئەوەی مرۆڤ دڵشاد دەكات گەورەیی
ئەو ساتەیە كە تێیدا دەتوانێت بەرابردووی خۆی بڵێت "نا". ئێوەش بۆیە لێرەن
بۆئەوەی بەرابردوو بڵێن "نا". ئەوەی بۆ من گرنگە بایەخو گەورەیی ئەو
نەخێرە گەورەیەیە گەورەترین دەردێك كۆمەڵگایەك تووشی ببێت ئەوەیە كە پێكڕای
مرۆڤەیەكانی پێكەوە بڵێن "بەڵێ"، ئێمە چەندین ساڵە هێزێكی راستەقینەمان
نییە بڵێت "نا"، "ناكانی" پێشوومان هەمووی "نا"ی بچووكن، گەورەترینو
قورسترین شتێك كۆمەڵگایەك فێری ببێت هوونەری ووتنی "نا"یە.
لێرەدا باس لەرەفزكردنو توڕەییەكی كوێرانە ناكەم، باس لە"نا"یەك ناكەم
كەتەنها لەزەت لەتووڕەیی خۆی ببینێت، بەڵكو "نا"یەك لەرێگەیەوە مرۆڤ هەم
خۆی دەدۆزێتەوەو هەم مانایەك بەژیانی دەدات، گەورەترینو ترسناكترین
هەڵەیەك دەسەڵاتی كوردی كردبێتی بێ ماناكردنی ژیان بووە، بێ ماناكردنی
ژیان لەو ساتەدا دەست پێدەكات كە ئینسان هەستدەكات چیتر دەسەڵاتی بەسەر هیچ
شتێكی گرنگی ژیانی خۆیدا نەماوە.
ساڵانی رابردوو مرۆڤی ئێمە ئەو بوونەوەرە بچووكە بووە كە هەموو مێژووی
ووڵاتەكە لەدەرەوەی ئیرادەی ئەو تێپەڕیوە، دەسەڵات لەسەر هیچ رێككەوتن و
پەیمانێكی كۆمەڵایەتی بنیات نەنراوە، مرۆڤی ئێمە چەندین وەختە تەنیا بینەرو
گوێگر بووە، سیاسەتو مێژوو دوو شانۆ بوون كە هەرگیز مرۆڤی ئەم ووڵاتە
نەیتوانیوە وەك ئەكتەری راستەقینە تێیدا بەشدار بێت، گەورەترینو
ترسناكترین دیاردەی ئەم مێژووەی ئێمە ئەوەیە كە ئینسانەكان هەمیشە
لەپەراوێزدا بوون، ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین كاتێك مانای دەبێت وە كاتێك دەبێتە
هێزێكی گەورە كە مرۆڤی ئێمە وە تاكی ئێمە لەدۆخی پەراوێزی دەربهێنیتو
بیكاتەوە بەبكەرو درووستكەری مێژووی خۆی.
ئەم ساتە كاتێك نرخی دەبێت كە لەجۆرێك لە مرۆڤ و هوشیارییەوە بمانگوازێتەوە
بۆ جۆرێكی دیكە لەمرۆڤ وهوشیاری، لە مرۆڤێكەوە كە تەنها فێر بووە بڵێ
"بەڵێ" بۆ مرۆڤێك كە فێرببێت كەی بڵێ " بەڵێ" و كەی بڵێ "نا".
"بەڵێ"یەك كە گوزارشت لە ئیرادەیەكی درووستكەرو پۆزەتیڤ دەكات، نەوەك
"بەڵێ"یەك كە "بەڵێی كۆیلەیەتییە".
"نا"یەك كە گوزارشت لە بیركردنەوەو هوشیاری دەكات نەوەك "نا"یەك كە "نایەكی
كوێرانەو بێ ئاڕاستەو عەدەمییە.
خوشكانی ئازیزو برایان لێگەڕێن ئەم خەونە لەسنوری بچووكدا دیل نەكەین،
لێگەڕێن تووڕەییتان تەنیا تووڕەیی نەبێت بەرامبەر بەزوڵمێك یان دیكتاتۆرێك،
بەڵكو تووڕەیی بێت بەرامبەر بەهەموو ئەو هەلومەرجەی كە دیكتاتۆرییەت درووست
دەكات.
لێبگەڕێن تووڕەییتان تەنیا بەرامبەر ئەوانە نەبێت كە دەسەڵاتی خۆیان وەك
موقەدەس تەماشا دەكەن، بەڵكو تووڕەبوون بێت بەرامبەر بەهەموو ئەو سیستەمەی
كە لەهەزار ڕێگاو هەزار دەرگاوە بتو سەنەمو موقەدەساتی كوشندەو درۆزن
دروستدەكات، ئەم تووڕەییە مێژووی هەیەو كورت ناكرێتەوە بۆ یەك ڕووداو،
مێژووی زوڵمو هاك كردنو لادانیش لەمێژووی ئێمەدا كورت ناكرێتەوە بۆ
رووداوەكەی 17/2.
ئازیزان
باستەم بەهەموو گەورەیی خۆی ببینینو ئازادیش بەهەموو گەورەیی خۆی ببینین،
هەموو نەوەیەك لەوانەیە بتوانێت دەسەڵاتی سیاسی بگۆڕێت، بەڵام هەموو
نەوەیەك ناتوانێت دنیا بگۆڕێت، بەڵام قەدەری ئێوە وەك نەوە ئەوەیە كە دنیا
بگۆڕن
یەكێك لە كارەساتە ترسناكەكانی مێژووی ئێمە ئەوە بووە كە ئینسان
بەبەردەوامی خەباتی بۆ ئازادی كۆمەڵگە كردووە بێ ئەوەی خەبات بۆ ئازادی
خۆی بكات.. هەموو مرۆڤێك كە دەیەوێت دونیا بگۆڕێت لەگەڵ پێناسەكردنی ئازادی
نەتەوە و كۆمەڵگا دەبێت پێناسەی ئازادی خۆشی بكاتەوە، حەماسەتی شۆڕشگێڕانە
بۆ گۆڕینی دوونیا دەبێت هاوشانی حەماسەتێكی ئینسانی بێت بۆ گۆڕینی
خوودیش.خانمان لەم مەیدانەدا دەبێت بۆ ئازادی خۆیان هاوار بكەن، گەنجان بۆ
گەنجێتی دۆڕاوی خۆیان.
ئازادی كۆمەڵایەتی كاتێك مانای دەبێت كەبەرەنجامی كۆبوونەوەی ئازادی
هەریەكێك لەئێمە بێت، ئازادی هەموومان كاتێك مانای هەیە كەلەكۆبوونەوەی
ئازادی منو ئازادی تۆ و ئازادی ئەو درووست بووبێت.
خوشكانی ئازیزو برایان... چەندەها شۆڕش لەمێژوودا سەركەوتوون بێ ئەوەی
بتوانن هیچ لەدونیا بگۆڕن، شۆڕشی ئێرانی توانی سیستەمی شاهەنشایی لەڕیشە
هەڵكێشێت، بەڵام ئێرانی دەیان ساڵ بردەوە دواوە، بەڵام شۆڕشی قوتابیانی
فەرەنسا وە جیهانیش لەساڵی 68دا سەرنەكەوت لەگۆڕینی سیستەمی سیاسیو
ئابووریدا، بەڵام لەزۆر ڕووەوە جیهانی لەبنەوەڕا گۆڕی.
من مافی ئەوە نادەم بەخۆم پێتان بڵێم ئێوە داوای چی بكەن، بەڵام مافی ئەوە
ئەدەم بەخۆم كە ستایشی ئەو رووحە بكەم كە ئەم بزووتنەوەیە هەڵگرییەتی و
دوای خۆی بۆ داهاتووشی جێ ئەهێڵێت. ئەوەی ئەمڕۆ لێرەدا دەیبینم بەرهەمی
كەڵەكە بوونی قەهری چەندەها ساڵە، بەرهەمی كەڵەكە بوونی هەموو جۆرە
قەهرێكە، لە قەهری سیستمی باوکسالارییەوە بۆ قەهری ئەو عەقڵییەتە
كۆنخوازانەی سەدان ساڵە لەشو عەقڵی مرۆڤی ئێمە زنجیر دەكەن.. ئەوەی من
دەیبینم نابێت ئەم تووڕەییە ئاراستەی ساتێكی ستەمكاری بكرێت، بەڵكو دەبێت
ئاراستەی هەموو كولتوری ستەمكاری بكرێت.
ئازیزان.. باخەونەكانتان بەبارتەقای ئەستوری زنجیرەكانتان گەورە بێت.
ئەوەی من ستایشی دەكەمو لەگەڵیداو ئەو هێزەیە كە خەو دەبینێتو بیر
دەكاتەوەو دەجوڵێت، ئێستا ساتێكە لەمێژوودا كە دەبێت خەوبینینو
بیركردنەوەو كاركردن جێگای كۆیلەیەتیو بیرنەكردنەوەو ئیفلیجی بگرێتەوە،
ئەوەی ئێستا ئێوە لەم شارەدا تاكو تەنها دیارن هیچ نییە جگە لە وەهمێكو
درۆیەك، ئەوەی ئێوە دەیكەن نرخی لە نرخی هەموو شۆڕشەكانی كورد بەدرێژایی
مێژوو گەورەترە، من لێرەم بۆئەوەی ستایشی ئەو ڕۆحە بكەم، لێرەم بۆئەوەی
بڵێم ئەوەی ئێوە ئەمڕۆ دروستیدەكەن دەبێت هەم جوان بێتو هەم دروست بێت،
چونكە كاریگەری لەسەر مێژووی داهاتوومان هەیە، كاریگەری لەسەر نەوەكانی
دوای خۆتان هەیە، كاریگەری لەسەر هەموو نەوە كپكراوەكانی كوردستان هەیە،
كاریگەری لەسەر مانای شۆڕشی نەتەوایەتی ئێمەش لە خۆرهەڵاتو باكورو
خۆرئاوا هەیە، ئێوە لێرە بەرپرسیارێتییەكی گەورەتان هەڵگرتووە، ئێوە تەنیا
مانای مافو ئازادی ناگۆڕن، بەڵكو نەوەیەكن مانای سیاسەت لەڕەگەوە دەگۆڕن.
من ستایشی ئەوە دەكەم كە گۆڕیتان، ستایشی ئەوە دەكەم كە دەیگۆڕن، ستایشی
ئەوە دەكەم كە بە ئامانەت بۆ نەوەكانی دوای خۆتانی بەجێ دێڵن بیگۆڕێت..
ستایشی رۆحی هێمنو ئاشتیخوازانەتان دەكەم.
دواجار هەر ئەوەندەم هەیە، سوپاسی هەموو ئەو خوشكو برایانە بكەم كەلێرەداو
لەهەموو جێگاكاندا ماندوو بوون تا پاسەوانێتی لەم خەونە گەورەیە بكەن و
سوپاس. |
| |
کێن ئەوانەی دەڵێن «ئێستا کاتی قسە نییە»؟
بەختیار عەلی
٩-٣-٢٠١١ |
هیچ شتێک لە جەوهەردا باش یاخود خراپ نییە، ئەوە
بیرکردنەوەیە کە دەیانکاتە باش یاخود خراپ
هاملێت «شکسپیر»
لەم ساتانەدا زۆرجار و لێرەو لەوێ گوێمان لە هاوارێک دەبێت کە دەڵێت «ئێستا
کاتی قسە نییە و کاتی ئیشە». هەندێکی تر هەمان رستە بەجۆرێکی کاڵفامانەتر و
بازاڕیتر دووبارەدەکەنەوە و دەڵێن «شۆڕش لە پشتی کۆمپیوتەرە» وە ناکرێت.
ئەمە یەکێکە لەو بۆچوونە سەیرانەی کە لە ساتی شۆڕش و قەیرانەکاندا هەمیشە
دێتەپێشێ. بەدرێژایی مێژوو، لە هەموو شۆڕشەکاندا، نوخبەیەک دێتەپێشێ کە
پێیوایە بیرکردنەوە شتێکی زیادە، پشتکردنە بیرکردنەوەش وەک جۆرێک لە نمایشی
شۆڕشگێڕی و زیادەڕەوی لە هەڵگرتنی ڕۆحی شۆڕشدا نیشاندەدات... هەمیشە گروپێک
هەیە قسەنەکردن بە لوتکەی کردار حیسابدەکات. ئەم بۆچوونە سەرەتا و لە نیگا
هەرە ڕوکەشەکەیدا خۆی وەک سێبەری خەمخۆری گۆڕان و کۆمەڵگا دەردەخات،
بێئەوەی بزانێت لە پشتییەوە چ مێژوویەکی ناشیرین ئامادەیە و لە پێشییەوە چ
مێژوویەکی ترسناک دروستدەکات. ئەمە تەنیا یەکێک نییە لەو ڕستە ترسناکانەی
کە دەرگای هەموو ناعەقلانییەتێک و سەری سندوقی هەموو دەردێک دەکاتەوە،
بەڵکو ئەو خوارفەت و ئەفسانەیەشە کە «شەرعییەتی شۆڕشگێڕی» بەدرێژایی مێژوو
دیکتاتۆرییەتی خۆی لەسەر دامەزراندوە. پرسیارێک بیکەین ئەوەیە: بۆ زۆر کەس
لە کاتی شۆڕشدا، نایەنەوێت گوێیان لەقسە بێت، بۆ نایانەوێت کەس بە دەنگی
بەرزبیربکاتەوە، بۆ کرداری خۆیان لێدەبێتە ئیشێکی گرنگتر لە ئیشی
بیرکردنەوە؟. بەبڕوای من ئەم ترسە لە بیرکردنەوە و نوسین و ئەو هێرشە کە
ئەو هێزە دەیکاتە سەر پرۆسەی نوسین، ئەوەی کار دەگەێنێتە ئەوەی نوسین و
قسەکردن بە بەراورد بە کاری شۆڕشگێڕانەی خۆی، وەک کاری ترسنۆکان
لەقەڵەمبدات...
زیاتر بخوێنەوە... |
| |
شوێنەکان پێویستیان بەهەوای تازە هەیە.
کاتەکان پێویستیان بە ئومێدی تازە هەیە.
وەک دەریا کە هەمیشە پێویستی بە
شەپۆلی تازە هەیە.
وەک شەو کە هەمیشە پیویستی بە ئەستێرەی تازە هەیە.
ڕۆژەکان پێویستیان بە تیشکی تازە هەیە. تیشک پێویستی بە ماڵی تازە هەیە ...
وەک تۆ ئەزیزم ... وەک تۆ کە پێویستیت بە خەونێکی تر و بە نورێکی تر و بە
بایەکی تازە هەیە.
ئاسمان پێویستی بە باڵندەی تازە هەیە ... وەک ڕوناکی ... وەک ڕوناکی
کەدەیبیینم پێویستی بە چرای تازە هەیە.
کەس پێویستی بەقەفەزێکی تر نییە، بەڵکو قەفەزەکان پێویستیان بەدەرگای تر و
زنجیرەکان پێویستیان بە چەکوشی تازە هەیە.
وەک تینوێتی تۆ ئەزیزم کە
پێویستی بە ئاوێکی تر و بە گەروی تازە هەیە.
هەوا پێویستی بە سینەی تازە هەیە. قفڵە دێرینەکان پێویستیان بە کلیلی نوێ و
زیندان پێویستی بە دەرگای تازە هەیە.
وەک تۆ ئەی کەشتی وێڵ .. وەک تۆ ... کە پێویستیت بەدەریای نوێ و بەبەندەری
تازە هەیە.
بڕۆ ئەی دۆست بڕۆ ... شوێنەکان پێویستیان بە مرۆڤی دیکە و شارەکان
پێویستیان بە تیشکی دیکە و خەونەکان پێویستیان بە خەوبینی تازە و
مەیدانەکان پێویستیان بە دەستی تازە هەیە .
وەک تۆ ... هاوڕێم ... وەک تۆ
کە چاکە لێرەوە نەڕۆیت گەر نازانیت.. ڕێگا پێویستی بە ڕێبواری تازە و گەروو
پێویستی بە هاواری تازە و ڕۆح پێویستی بە هەوای تازە هەیە.
بەختیار عەلی |
| |
شۆڕش و زمان
بەختیار عەلی
٣-٣-٢٠١١ |
جارێکیان فیکتۆر هۆگۆ لەوەسفی مۆسیقادا دەنوسێت و
دەڵێت «مۆسیقا، ئەو شتەیە کە بە وشە ناوترێت، بەڵام شتێکیشە هەر دەبێت
بوترێت». لە ڕۆژانی ڕابوردوودا و بەگەڕانەوە بۆ ئەو بۆچوونەی فیکتۆر هۆگۆ،
نزیکییەکی گەورەم لە نێوان مۆسێقا و شۆڕشدا بینی، شۆڕشیش ئەو شتەیە کە باش
ناتوانێت بدوێت، ناتوانێت بە ڕۆشنی خۆی لە وشەدا کۆبکاتەوە، بەڵام شتێکیشە
دەبێت ڕووبدات و بوترێت. جیاوازییەکە لەوەدایە مۆسیقا بەبێ وشە دەتوانێت
بەڕوونی تەعبیر لە خۆی بکات و شۆڕش نا، شۆڕش پرۆسەیەکی مێژووییە کە پێویستی
بە زمان هەیە، مەحکومە بە زمان... زمانیش کورت ناکرێتەوە بۆ داواکاری و
هوتاف و دروشم، ڕاستە شۆڕش لەساتێکدا لەو زمانە ڕاستەوخۆیەدا خۆی
دەبینێتەوە...
زیاتر بخوێنەوە... |
| |
ئەمڕۆ و ڕەگوڕیشە دوور و گەردونییەکانی
بەختیار عەلی
٢٦-٢-٢٠١١ |
«مرۆڤدۆست، ئەو کەسەیە کە عاشقی تیشکە،
بێئەوەی بەلایەوە گرنگ بێت، تیشک لە کوێوە دێت.
گوڵی خۆشدەوێت، بێئەوەی بەلایەوە گرنگ بێت، لەسەر چ خاکێک ڕواوە.
بۆ هەقیقەت دەگەڕێت، بێئەوەی بەلایەوە گرنگ بێت، لەچ سەرچاوەیەک
هەڵدەقوڵێت.
تێشدەگات: مەرج نییە هەرچی بەدەوری چرادا سوڕایەوە، عاشقی ڕوناکی بێت»
عەبدولبەها «1844 ـ 1921»
ئەو روودوانەی چەند ڕۆژی ڕابوردوو، دیسانەوە کێشەی ڕۆشنبیر و هەڵوێست و
ڕۆڵی بە گەورەیی هێناوەتەوە پێشێ. هەموو ئەو ڕوداوە گەورانەی کە ئێستا
دەجوڵێن بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕۆشنبیرانی لە تەواوی خۆرهەڵات و دونیای
عەرەبدا خستۆتە ژێر چەندەها جۆری فشارەوە. بەجۆرێک ڕەنگە تەنیا بە نوسین و
لە ڕێگای بیرکردنەوە بەدەنگی بەرز، مرۆڤ تەواو لە خودی خۆی تێیانبگات.
هەموو دەزانین کە لەم ساتەدا بڕێکی زۆری کۆمەڵگای ئێمە هیوایەکی گەورەی بە
ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران هەیە کە لەگەڵیدابن و لە نزیکییەوە بن. ئەو داوایەش
هەم هەقە و هەم پێویستە...
زیاتر بخوێنەوە... |
| |
نامەیەک بۆ خۆپیشاندەران
بەختیار عەلی
٢٣-٢-٢٠١١ |
دەقی ئەو نامەیەی لە خۆپیشاندانی ئەمڕۆدا خوێندرایەوە
خۆشەویستان،
سەرەتا حەزدەکەین پێتان ڕابگەێنین، کە ئێمە هەموو شتێک دەکەین و هەموو
هەوڵێک دەدەین کە بەزووترین کات و هەموومان بگەڕێینەوە بۆ کوردستان و لە
نزیکەوە لەگەڵتاندا بین و ھاوپشتتان بین. ئێمە وەک کۆمەڵێک نوسەر کە خۆمان
بە هاوڕێتان دەزانین... دەزانین ئێوە چ ڕۆحێکی حەماسەتدارتان هەیە، دەزانین
چەند خەونتان هەیە بۆ پاشەڕۆژێکی باشتر، دەزانین گەلێک توڕەن لە ڕابوردووی
خۆتان... بەڵام هەم حەماسەت و هەم خەون و هەم توڕەیی گەر هێمنی و لێبوردنی
لەگەڵدا نەبێت، دەبنە چەکی ترسناک دژی خەونەکانتان و دژی پاشەڕۆژیش. ئێوە
کە ئەمڕۆ لێرەدا کۆبوونەتەوە دەبێت بزانن کە بەر لە ئێوە زۆربەی نەوەکانی
پێش خۆتان هەم شۆڕش و هەم ڕاپەڕینی کردوە...
زیاتر بخوێنەوە... |
| |
ئاە وەستا عەلی ئاە
بەختیار عەلی
٢٣-٢-٢٠١١ |
ئاە ئەی کرێکارە بێوەیی و سادە و غەمگینەکەی
نیشتیمان ... ئاە ... وەستا عەلی، ئەی هاوڕێم، بڕۆرەوە ژوورێ و لەگەڵ
فرمێسکەکانتدا دەرگا لەسەر خۆت دابخە و جارێ مەیەرە دەرێ ... ئاخ وەستا
عەلی.
بڕۆرە ژوورێ و تا زیاتر یاریان بە ژیان و ئینسانییەتت نەکردوە، مەیەرە دەرێ
... بڕۆرە ژوورێ و وایەری تەلەفونەکەت دەربهێنە و دەرگا لە کەس مەکەرەوە
... وەستا عەلی ... شتەکان لە تۆ گەورەترن... با لەوە زیاتر نەتکوژن ...
جارێک و دووجار و سێ جار کوشتن بەسە وەستا ... ئەگەر بکوژی کوڕەکەت چەند
کەسێک بێت، بکوژانی تۆ سەدان و هەزارانن ... وەستا عەلی ... بڕۆرە ژوورێ
برام و بگری ... چونکە هەموو ناشیرینی دونیا ئێستا لەسەر ناوی تۆ و ڕۆحی تۆ
ئیشدەکات ... دەرگا لە هیچ سیاسییەک و شۆڕشگێڕێکی درۆزن مەکەرەوە ... گەر
نەمزانیبایە برسی دەبیت، پێمدەگووتیت بڕۆ ژوورێ و خوداحافیزی لە
کاشییەکانیشت بکە و ئیتر هەر دەرگا مەکەرەوە ...
زیاتر بخوێنەوە... |
| |
چاوپێکەوتنێکی کورت لەگەڵ بەختیار عەلی دەربارەی دۆخی ئێستاکێ
سازدانی خەسرەو حەمەکەریم
٢٠-٢-٢٠١١ |
پ:
دوا نوسینت کاک بەختیار، ڕووی قسەت لە یەکێتی بوو، گەر تەماشابکەین
تاوانەکە پارتی کردوێتی و ئاگرەکە لە ماڵی یەکێتیدایە، لە ڕووی سیاسییەوە
ئێستا یەکێتی و هێزەکانی دی چی بکەن باشە؟
وەڵام: پێویست ناکات باسی هەڵە گەورەکانی یەکێتی بکەین، ئەوە هەموو
دەیزانین. ئەگەر پرسیارەکەی بەڕێزتان ئەوەیە: ئاخۆ چی بکرێت لە ئێستادا.
بەبۆچوونی من ڕووداوەکان بەرەو ئەو جێگایەمان دەبەن، کە هیچ چارێک نەبێت
جگە لەوەی یەکێتی نیشتیمانی هاوپەیمانییە ستراتیژییەکەی خۆی بەزووترین کات
و بێدوودڵی لەگەڵ پارتیدا هەڵبوەشێنێتەوە...
....
زیاتر بخوێنەوە... |
| |
| |